کۆشکی سپی: نابێت بەهۆی ژمارەیەکی کەمی قوتابی ئارامی زانکۆ و قوتابیانی دیکە بشێوێنرێت

K24 - هەولێر

سەبارەت بە دەستگیرکردنی نزیکەی هەزار قوتابی زانکۆ لەلایەن پۆلیسی ئەمەریکاوە بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتن لەناو کەمپەکان، کارین ژان پییە گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، نابێت ڕێگەبدرێت ژمارەیەکی کەمی قوتابی ئارامی ئەوانی دیکە بشێوێنن.

ئەو گوتەبێژە گوتی: "ئەوان لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانەدان، بەڵام داگیرکردنی باڵەخانەی زانکۆ ئاشتیانە نییە".

ژان پییە گوتیشی: "ئێمە هەستمان بەوەکردووە رێژەیەکی کەم لە قوتابیانی زانکۆ نابێت رێگەیان پێبدرێت ببنە هۆکاری نائارامی تەواوی زانکۆکان و تێکدانی ئەزموونی هێمنانەی قوتابیانی دیکە".

کارین ژان پییە گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕاشیگەیاند، ئەمەریکییەکان مافی خۆپیشاندانیان هەیە، بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لەچوارچێوەی یاسادا. بەڵام داگیکردنی باڵەخانەی زانکۆ ئاشتیانە نییە. چونکە بەهۆی ئەو کارەوە قوتابیانی دیکە هەست بە ئارامی ناکەن.

خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی قوتابیان و پسپۆڕان لە 76 زانکۆی ئەمەریکا بۆ داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە. هەروەها قوتابیان و پسپۆڕان داوا دەکەن، ئەمەریکا هەژموونی خۆی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی غەززە بەکار بهێنێت.

هاوکات، لە بەشێک لە زانکۆکان توندوتیژیی لەنێوان قوتابیان و پۆلیسدا دروستبوو، بەهۆیەوە تا ئێستا نزیکەی 200 قوتابی خۆپیشاندەر دەستگیر کراون.

Fly Erbil Advertisment