پێویستە لە هەموو مارکێت و کۆگایەکدا شوێنێکی تایبەت بە خۆراکی ماوە بەسەرچوو هەبێت

K24 - هەولێر

لەپێناو جیاکردنەوەی ئەو خۆراک و کەل و پەلە خراپ و بەسەرچووانەی لە مارکێت و کۆگاکاندا هەن، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی داوا دەکات شوێنی تایبەتیان بۆدروستبکرێت و لێی بنوسرێت بۆ فرۆشتن نییە.

جەمال محەمەد، سەرۆکی لیژنەی کۆگاکان لە سلێمانی رایگەیاند، لەم رووەوە لە هەموو سەردان و بەدواداچونەکاندا ئاگاداریمان داوە بە کۆگا و فرۆشگاکان، بەشی زۆریان پابەند بوون.

گوتیشی: پێویستە ئەو شوێنە جیاکراوەیە تەنها خۆراک و شتومەکی ماوە بەسەرچوو و خراپبووی تێدا بێت و لێی نوسرابێت بۆ فرۆشتن نییە.

سەرۆکی لیژنەی کۆگاکان هۆشداری دایە خاوەن مارکێت و فرۆشگا و کۆگاکان و جەختیکردەوە، لەهەر شوێنێک خواردن و شتومەکی خراپ و ماوە بەسەرچوو لەلایەن لیژنەکانەوە ببینرێت ئەگەر جیانەکرابێتەوە بە سەرپێچی هەژماردەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر مارکێت یان کۆگا و کارگەیەک ئەگەر شتومەک و خواردنی ماوەبەسەرچووی هەبێت دەتوانێت لیژنە هاوبەشەکانی لێ ئاگاداربکاتەوە و تەواوی شتومەک و خۆراکەکەی بۆ لەناودەبەن.