بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ئامێدی داندرا

K24 – هەولێر
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لە ئامێدی دادەنێین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێی ڕاسپاردووین کە گرنگی بدەین بەم دەڤەرە. ئەمڕۆ بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک دادەنێین کە کەشوهەوای ئەم دەڤەرە وەک بەهەشتێکی سەر ڕووی زەوی وایە،
بەگوتەی ئەو، "یەکێک لە پڕۆژەکان ڕێگەی گەشتیاری پیادەی دەوروبەری ئامێدییە، کە کاریگەری دەخاتە سەر شوێنەواری ئامیدی و جوانی ئامێدی، بۆ ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ئەم دەڤەرە و لەگەڵ دروستکردنی چەند ئۆتێلێک ئەمیش بۆ هاتن و سەرنج ڕاکێشانی ئەو گەشتیارانەیە کە ڕوودەکەنە ئەم ئامێدی."
عەلی تەتەر گوتیشی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا جووڵەی زیاتر لەم ناوچەیە پەرە پێدەدەین، بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم دەڤەرە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ کە پێشتر پڕۆژەیەک لەم دەڤەرە ئەنجامدرابوو، ئەویش بۆ ئاسانکاری ئەو کەسانەی کە بیەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنێت، دەبوو سەردانی دهۆک بکات، بۆ لەمەودوا سەردانی دهۆک ناکات و بە ئامێری ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو، کاری خۆی دەتوانێت ئەنجامبدات. لە بڕوایەداین ئەمەش جۆرێکە لە پێشکەشکردنی جۆرێکی دیکە خزمەتگوزاری ئیداری وەک دەرهێنانی پاسەپۆرت و ناسنامە و هەموو ئەو شتانەی کە هاووڵاتییانی ئێمە پێویستییانە بۆ ئەوەی ئەوەندە هاتووچۆی ناوچەکان نەکەن وەک بارگرانییەک لەسەر شانیان زۆر بێت".