سامان بەرزنجی: بۆ کۆنترۆڵکردنی ماتۆڕسکیل پرۆژەیەکمان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ
K24 – هەولێر
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێ: لەگەڵ ئەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بە پلەی دووەم دێن، بەڵام زۆرینەی قوربانییەکان ماتۆڕسوارن و لەبەشی چاودێری چڕ دەخەوێندرێن.
دووەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی سڕکردن لە هەولێر دەستی بە چالاکییەکانی کرد و سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستی حكوومهتی ههرێمی کوردستان لە وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە گوتی: لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکان تاوەکوو ئێستا چەند کێشە و ئاستەنگییەک لە بەردەم کەرتی تەندروستیی گشتی هەیە، بۆیە ئومێد ئەم کۆنفرانسە و ڕاسپاردەکانی ببێتە هاوکار و پاڵپشت بۆ ئەوەی پەرەی زیادبوونی تەختەکانی خەواندن و تیمارکردنی نەخۆشەکانی بەشی چاودێری چڕ بێت.
گوتیشی: نەخۆشخانە گشتییەکان لە ڕووی کوالێتی خزمەتگوزاریی لە بەشی چاودێری چڕ زۆر پێشکەوتووە، بەڵام کێشەکە لە کەمی قەرەوێڵەی چارەسەرکردنی نەخۆشە، چونکە ژمارەی بنکە پزیشکییەکان زیاد بوون و بە هەمانشێوەش ژمارەی نەخۆشان زیاتر بوون، هەرچەندە بەشێکی زۆری نەخۆشەکان هاووڵاتییانی ئاوارەن و هەندێکیش لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ چارەسەری تەندروستی ڕوو لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
وەزیری تەندروستی هەرێم ڕاشیگەیاند، ئێستا قوربانییانی شەڕ و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە پلەی یەکەم دێن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەمبووەتەوە و لە پلەی دووەم دێت، کەچی زۆرینەی ئەو ڕووداوانەی تۆمار دەکرێن بەهۆی ماتۆرسکیلەوەیە و بۆ ئەمەش پرۆژەیەکمان لە سەر ئەم پرسە داوەتە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دیاردەی ماتۆڕسواری بکرێت، چونکە بەشێکی زۆری قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، ماتۆڕسوارن و دەکەونە بەشی چاودێری چڕ.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئێستا ئەو قوربانییانەی لە کێشە و ڕووداوە کۆمەڵایەتییە دەکەوێتەوە لە پلەی یەکەمی قوربانییانی خەوێندراوە لە بەشی چاودێری چڕ.