ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل کۆ بوونەوە

K24 – هەولێر:
دوای هەشت ساڵ، سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆ بوونەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە نووسینەوەی دەستووری نوێی تورکیایە.
کاتژمێر 4:00ـی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گەیشتە ناوەندی گشتیی ئاکپارتی و لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی پێشوازیی لێ کرا.
کۆبوونەوەکە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دێت کە (31ـی ئاداری 2024) بەڕێوە چوو، کە تێیدا جەهەپە توانی ببێتە هێزی یەکەمی تورکیا و ژمارەی دەنگەکانی پێش ئاکپارتی کەوتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە نووسینەوەی دەستووری نوێ، کۆمەڵێک تەوەر و پرسی جیاواز هەن گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، لەوانەش مۆرکردنی پرۆژە و پلانی شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی جەهەپە، بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینان، دامەزراندنی مامۆستایانی دانەمەزراو و چەند پرسێکی دیکە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی 104 ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و چاوی بە زۆربەی سەرۆکی پارتەکانی تورکیا کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، کەوت.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەردۆغان بۆ ماوەی 10 خولەک لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گفتوگۆی کردووە و دواتریش سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئۆزگور ئۆزەل داوای لێ کردووە پێکەوە کۆببنەوە و ئەویش داواکەی قبوڵ کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە.
ئەمەش دەبێتە یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل، لەوەتی ئۆزەل بووەتە سەرۆکی جەهەپە، کە شوێنی کەمال كڵچدارئۆغڵوی گرتەوە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئایاری ساڵی ڕابردوو بەرامبەر ئەردۆغان شکستی هێنا.
هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو، جەهەپە توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت و وێڕای پارێزگاری کردن لە پۆستی سەرۆک شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، توانی ببێتە هێزی یەکەمی تورکیا و ژمارەی دەنگەکانی پێش ئاکپارتی کەوتەوە.