لەیس دلێمی: کشانەوەی حزبی تەقەدوم لە پڕۆسەی سیاسی هاوکاری نێو ماڵی سووننە دەکات تا خۆیان ڕێکبخەنەوە

K24 – بەغدا:
لایەنە سووننەکان لە سەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەن بە ڕێککەوتن، سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێت: لەوە زیاتر چاوەڕێ ناکەین و هەفتەی داهاتوو ئەو پرسە یەکلادەکەینەوە.
لایەنە سووننەکان گرێ کوێرەی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان بۆ ناکرێتەوە و لایەنە شیعەکانیش ئەم دووبەرەکییە بە هەل دەزانن و بە خواستی خۆیان ئەو پرسە یەکلادەکەنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەفتەی داهاتوو دیاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و لە سەر دانانی سالم مەتەڕیش ڕێککەوتوون.
عەباس بەیاتی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو باشترین کاتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و کۆتا کاتیشە بۆیەکلاکردنەوەی چونکە زۆری خایەند ، ناشمانەوێت خەڵکی عێراق و سووننەکان وا تێبگەن ئەو پۆستەمان داگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەدا، جارێکی تریش دەرگای خۆ پاڵاوتن ناکرێتەوە، چونکە پەرلەمان وا بکات یانی کۆبوونەوەکەی ڕابردووەی یاسایی نەبووە، هەڵبژاردنی یەکەم کێشەی نەبووە و ئەبێت گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.
حزبەکەی محەممەد حەلبووسی هەڕەشەی کشانەوە لە حکوومەت دەکەن لە ئەگەری وەرنەگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، لەیس دلێمی ئەو پەرلەمانتارەی کە لەسەر سکاڵای ئەو حەلبووسی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە بە کوردستان24ی گوت: هیوادارە حزبی تەقەدوم لە پڕۆسەی سیاسی بکشێتەوە تاکو نێو ماڵی سووننە بتوانن خۆیان رێکبخەنەوە.