دەیان کۆنگرێسمانی ئەمەریکا باس لە پێشێلکاریی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن
K24 - هەولێر
دەیان کۆنگرێسمانی ئەمەریکا لە نامەیەکەدا، بە جۆو بایدن ڕادەگەیەنن، ئیسرائیل لە غەززە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی کردووە.
86 کۆنگرێسمانی ئەمەریکا لە پارتی دیموکراتەکان نامەیەکیان بۆ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا نووسیوە و ئاماژەیان بەوە داوە، بەڵگەی پێویست لەبەردەستە کە سوپای ئیسرائیل لە غەززە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی کردووە.
ئەو کۆنگرێسمانانە جەخت لەوە دەکەنەوە، ئیسرائیل سەرباری پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، ڕێگریی لە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە دەکات، پێویستە دەستبەجێ جۆو بایدن هەنگاو بنێت بۆ پابەندکردنی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان تا ڕێگریی لە کارەساتی دیکەی مرۆیی بکرێت.
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە دابوو و ڕایگەیاند، هێرشی فراوانی سەر ڕەفەح بەو چڕییەی دانیشتوانەی تێیدایە و سنوورە قەبووڵکراوەکان دەبەزێنێت، چونکە ئیسرائیل هیچ پلانێکی لە بارەی پاراستنی خەڵکی سڤیل ئامادە نەکردووە.
بلینکن لە کۆڕبەندی سێدۆنا کە لەلایەن پەیمانگەی مەککەین لە ئەریزۆنا ڕێکخراوە، گوتی: "لە نەبوونی پلانێک بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، ناتوانین پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیی سەربازی بۆ سەر ڕەفەح بکەین، چونکە زیانەکانی هەموو سنوورێک دەبەزێنێت و ناتوانرێت قەبوڵ بکرێت".