ڕەحمان خانی: لە ئەنجامی پلانێکی ستراتیجیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ مەترسی وشکەساڵی نییە
K24 - هەولێر
یەکێک لە پلانە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بووە، ئێستە بەنداو و پۆندێکی زۆر دروست کراون، بەشێکیشیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، زۆرینەشیان بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانانەی چەند ڕۆژەی ڕابردوو سەرڕێژ بوون.
ئەمڕۆ شەممە،4ـی ئایاری 2024، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیجی داڕشتووە بۆ درووستکردنی بەنداو لە ئەمساڵدا، بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاریی لەو ئاوە بکات کە ساڵانە دێتە بەردەست، چونکە ساڵانە تێکڕای ڕێژەی ئاو کەم دەکات.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "بەنداوەکان جگە لە دووکان کە بۆشایی خەزنکردنی نزیکەی سێ ملیاری ماوە بۆ پڕ بوون، واتە ڕێژەی 45% ماوە بۆ ئەوەی پڕببێت،ە ئێستە دەربەندیخان پڕ بووە، بەنداوی دهۆک 80سم مەتری ماوە بۆ پڕ بوون، بەنداوە بچووکەکانیش زۆربەیان پڕبوون".
سەبارەت بە مەترسی وشکە ساڵیی بۆ ئەمساڵ ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "لەئەمساڵدا مەترسی وشکە ساڵی ڕەویوەتەوە، ئاوی پێویستیش کۆکراوەتەوە لەو شوێنانەی کە بەنداوەکانی لێیە".
ڕەحمان خانی دەربارەی مەترسیی لافاو بۆسەر بەنداوەکان ڕایگەیاند، "بێگومان مەترسیی لافاو لە هەموو شوێنێکی جیهان درووست دەبێت بۆسەر بەنداوەکان، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە بەنداوەکانمان سەلامەتن".