هاووڵاتییەک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەولێر کوژرا
K24 - هەولێر
لە ڕووداوێکی تەقەکردن لەناو بازاڕی شاری هەولێر هاووڵاتییەک لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن کەسێکی دیکەوە کوژرا، دوای تاوانەکەش بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، لەڕووداوێکی تەقەکردن لەناو بازاڕی شاری هەولێر هاووڵاتی (ئیدریس ئەسعەدۆک سالح ) لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لەلایەن تۆمەتبارێک بەناوی (ع ، س، أ) کوژرا، دوای تاوانەکەش، بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد
هەر دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بە تۆمەتی هەڕەشەی بڵاوکردنەوە وێنە و ڤیدیۆی چەند ئافرەتێکی بیانی دوو تۆمەتباری بە ڕەچەڵەک سووریی دەستگیر کرد.
تۆمەتبارەکان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لە چەند ئافرەتێکی بیانی لە هەولێر کردووە و تهنانهت داوای پارەشیان لێیان کردووە.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی لە گوندی شەوک سەر بە شارەدێی مەلائۆمەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی لە نێوان دوو خانەوادە دروست بوو، بووە هۆی تەقەیەکی زۆر و پشێویی لە ناوچەکەدا، بەڵام لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی پۆلیسی هەولێر توانرا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت. دواتریش سەرجەم تۆمەتباران دەستگیر کران و دەدرێنە دادگا.