ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە 2003، بووە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا

ئاڵاکانی عێراق و ئێران
ئاڵاکانی عێراق و ئێران

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیارە سبەی دیدارە فەرمییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانە فەرمییەکەیدا لە تاران بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرسەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی ئەو پرسانەن کە بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگن و لەو دیدارانەدا باسیان لێوە دەکرێت.

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق نوێ نین بەڵام لە چوارچێوەی فەرمیدا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە له‌ ساڵی 2003 تاوەکوو ئێستا، عێراق و ئێران پەیوندییەکی بەهێزیان هەبووە و چەندین ڕێککەوتنیان لە بواری ئەمنی، ئابووریی و سیاسی واژۆکردووە.

بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران لە سەردەمی کابینەکەی ئیبراهیم جەعفەری دەستی پێکردووە و حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانیش درێژەیان بەم سیاسەتە داوە.

پەیوەندییەکی مێژووی درێژخایەن؛ عێراق و ئێران بە یەکتری دەبەستێتەوە؛ نەک بە  تەنیا لەسەر ئاستی جوگرافی، بەڵکوو لەسەر ئاستی؛ ئایینیی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی و سیاسیی بەرژوەندی هاوبەشییان هەیە.

وێڕای هاوبەشی و بەرژوەندییەکانیش لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا،  پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران بە چەند قۆناغێ جیاجیا و هەڵبەز و دابەزی سیاسیدا تێپەڕیوون. بەڵام لە دوای قۆناغی 2003، پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران دەچنە قۆناغێکی نوێوە، لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە شیعە، هەر زوو ئێران دەستپێشخەری کرد و پەیوەندییەکانی تووند و تۆڵکردەوە.

لە سەردەمی کابینەکەی ئیبراهیم جەعفەری، پەیوەندییەکانی بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن، حکوومەتەی ئەو کاتەی عێراق بڕیاری لێخۆشبووونی بۆ تەواوی گیراو و دەستبەسەر کراوانی ئێرانی لە زیندانەکان دەردەکات.

لە درێژەی برەودان بە پەیوەندییەکان، شاندێکی باڵای عێراقی بە سەرۆکایەتی سەعدوون دلێمی، وەزیری بەرگری ئەو کاتەی عێراق، سەردانی تارانیان کرد و وێڕای گەیاندنی داوای لێبووردن، ڕێککەوتنی هەماهەنگیی سەربازییان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر واژۆکرد.

دوای ئەوەی لە سەردەمی ئەیاد عەللاوی، پەیوەندییەکان بەرەو خراپی دەچوون، ئیبراهیم جەعفەری بۆ خۆی سەردانی ئێران دەکات و دڵنیایی پێویست بە ئێران دەدات کە ڕێگە بە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق نادات خاکی عێراق بۆ هێرش کردنە سەر ئێران بەکار بێنن. دوای ئەوەش، عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەشیان لە بوای ئەمنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی نێوانیان واژۆکرد.

لە سەردەمی حکوومەتی نوری مالیکی، پەیوەندییەکان بەهێزتر دەبن و سەردانی تاران دەکات و لەلایەن مەحموود ئەحمەینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەکەیان، ئاسایشی عێراق و ئێران بە یەکتری بەسترایەوە.

پەیوندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەو شێوەیەی لە ئاستێکی باشدا دەمێننەوە، تا دەگاتە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ کە ڕێککەوتنێکی ئەمنی بۆ درووخستنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لەسەر سنوور و پێکهێنانی چەندین لیژنەی هاوبەش لە سەرجەم بوارە جیاوازەکان.