دكتۆر عومه‌ر نووره‌دینی: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به ئێران، جه‌ختكردنه‌وه بووه بۆ پێكه‌وه كاركردن
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، مامۆستایه‌كی زانكۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران، مێژووێكی دوور و درێژیان هه‌یه و گرژیی و ئاساییبوونه‌وه‌ی تێدا هه‌بووه. هاوكات گوتیشی: "سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به ئێران، جه‌ختكردنه‌وه بووه بۆ پێكه‌وه كاركردن".
دكتۆر عومه‌ر نووره‌دینی مامۆستای زانكۆ به كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌ڵكشان و داكشان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان به درێژایی مێژوویی په‌یوه‌ندییان هه‌بووه.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد، له قۆناغی ئێستای په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و تاران، گرژیی و به‌دحاڵیبوون هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێران به زمانی درۆن و مووشه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه، له به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، مایه‌ی هه‌ڕه‌شه نییه بۆسه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران.
نووره‌دینی گوتیشی: "بۆچوونێك لای ئێرانییه‌كان دروستبووه، كه هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ئه‌وان و بووه‌ته ئیسرائیلی دووه‌م، ئه‌مه وێنه‌یه‌كی ناواقعییه، به شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به ئێران، جه‌ختكردنه‌وه بووه بۆ پێكه‌وه كاركردن و هێنانه كایه‌ی ئاسایشی هاوبه‌ش".
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان هه‌ولێر و تاران هه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزیی و به‌كارهێنانی درۆن و مووشه‌ك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، وایكرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری له نێوان هه‌ولێر و تاران له پاشهكشهدابێت.
ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
پێشتریش نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئێران و سبەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەستپێدەکات و کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) فەوزی ھەریری، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تاران کراوە، ئێستا دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت".
هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نێچيرڤان بارزانى له ميانى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ تاران، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆده‌بێته‌وه و ده‌رباره‌ى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکە لە جێگرانى سه‌رۆكی هەرێم و وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان پێكدێن.