دوو پلان بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر هەیە

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی كوردستان24، بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی یانەكە و دەستلەكاركێشانەوەی بەشێك لە ئەندامانی یانەكە، بڕیار لە گۆڕینی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دراوە، لەم پێناوەشدا دوو پلان لەسەر مێزی بەرپرسانی شارەكەیە.
یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق هەڕەشەی دابەزینی لەسەرە، بەوپێیەی لە دوایین 8 یاری، 6 یاریی دۆڕاندووە و 66 رۆژە لە خولەكە سەركەوتنی تۆمار نەكردووە. دۆڕانەكەی هەولێر لە دوایین یاریی، لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەرامبەر یانەی مینا وایكرد دوورخستنەوەی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر لە چەند كاتژمێری داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەردوو جێگری سەرۆكی یانەی هەولێر لەگەڵ سكرتێر و ئەندامێكی دیكە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە و تەنیا 5 ئەندام ماونەتەوە، هەر دەستلەكاركێشانەوەیەكی دیكە رووبدات بەپێی یاسا ئەو دەستەی كارگێرییەی ئێستا راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە.
پلانی یەكەم بۆ بەڕێوەبردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، داوا لە دكتۆر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی پێشووی یانەی هەولێر و سەڵاحەدین سیامەند كراوە وەكو سەرۆك و جێگر بەشێوەیەكی كاتی تا هەڵبژاردنی داهاتوو یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بەڵام هەردووكیان ڕەتیان كردووەتەوە بەشێوەی كاتی بگەڕێنەوە یانەی هەولێر.
پلانی دووەم بۆ بەڕێوەبردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر
كوردستان24 زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە ئەگەر نەتوانرا عەبدوڵڵا مەجید وەكو سەرۆكی دەستەی كاتی یانەی هەولێر رازی بكەن، پلانی دووەم جێبەجێ دەكرێت و موئەیەد مەغدید جێگری سەرۆكی لێژنەی ئۆڵمپی كوردستان رادەسپێردرێت وەكو سەرۆكی كاتی یانەكە بۆ ساڵ و نیوێك لەگەڵ ستافێكی تازە تا هەڵبژاردنی داهاتوو یانەكە بەڕێوەببەن.
هەڵوێستی دەستەی كارگێری ئێستای یانەی هەولێر چی دەبێت؟
كوردستان24 زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، وەلید عارەب سەرۆكی یانەی هەولێر هاوشانی چوار ئەندامەكە (ئاڵا دێدەوان، دیدار حامید، ئەحمەد شوكر و مۆفەق یونس) بڕیاریانداوە بە هیچ شێوەیەك دەستلەكارنەكێشنەوە، جەخت لەوەش دەكەنەوە ئەگەر هەر بڕیارێك بۆ دوورخرانەوەیان بدرێت، هەڵوێستیان دەبێت، چونكە پێیانوایە تەنیا لێژنەی ئۆڵمپی عێراق دەتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات.
