ئیسرائیل بەدوای جێگرەوەی تورکیا دەگەڕێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی
K24 – هەولێر:
پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل تا دێت گرژتر دەبن، ئیسرائیل دەیەوێت بە چوار هەنگاوی جیاواز بەرپەرچی سزاکانی تورکیا بداتەوە، تورکیاش رژدە لە رێکارەکانی و جەخت لە کۆتاییهاتنی شەڕ لە غەززە دەکات.
دەنگدانەوەی پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە، لەبەرامبەردا ئیسرائیل دەیەوێت لەرێگەی چوار هەنگاوی ستراتیژی، کاریگەریی سزاکان کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، چوارهەنگاوەکە بریتین لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیدارەی فەڵەستین و کەرتی غەززە لەکاتێکدا ئیدارەی فەڵەستین، 18%ـی کاڵاکانی لە تورکیاوە هاوردە دەکات.
هەنگاوی دووەم، ئیسرائیل هەوڵ بۆ تۆمەتبارکردنی تورکیا دەدات بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە بازرگانییەکان و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو وڵاتە لە کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتی، هاوکات ئیسرائیل لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەی تورکیا دەبێت بۆ بەردەوام بوون لە هاوردە و هەناردەکردن، لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکاری بەو هەناردەکارانەی کە کاریگەریی سزاکانی تورکیایان لەسەرە.
قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، حەوت ملیار دۆلارە، مەرجی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەلایەن تورکیاوە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستە بەڵام ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا گوێی نەداوە بە فشارە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش تورکیا.
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و بەپرسە باڵاکانی ئەو وەزارەتە بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئابووری و دامودەزگاکانی باج و دەرامەت ڕێککەوتوون، هەنگاوە هاوبەشەکان لە دژی تورکیا بگرنەبەر.