سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: درێخى ناکەین لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی - گرافیک: کوردستان24
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەسەرکردنەوەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: ئاگرکەوتنەوەکەی دوێنێ شەوی قەیسەریی هەولێر دڵگرانی کردین.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاری قەیسەریی هەولێر ڕایگەیاندووە: کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێخى ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە: سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم شەوی ڕابردوو، ماندوو بوون و گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان.

هاوکات لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داواشی لە دوکانداران و کاسبکار و هاووڵاتییان بەگشتیی کرد کە ڕێکارەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە.

دوێنێ شەو (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێک چووبوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەکران و 15 كەسى دیکەش گواسترانەوە نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.

Fly Erbil Advertisment