پزیشکیان: رێبەری باڵا دەسەڵاتی گفتوگۆی بە حکوومەت داوە

سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاران و سەرۆکی شارەوانییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، رێبەری باڵا دەسەڵاتی پێویستی بە حکوومەت داوە تا لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکات؛ هاوکات جەختی کردەوە لەم دۆخە سەختەدا دەبێت بژێویی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و خێزانە هەژارەکان لە پێشینەی کارەکان بێت

دووشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی پارێزگاران و سەرۆک شارەوانییەکانی وڵاتەکەی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەهێزکردنی بژێوی هاووڵاتییان و بەرەنگاربوونەوەی تەنگژە ئابوورییەکان.

پزیشکیان سەرنجی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەربازبوون لە دۆخی جەنگ و رایگەیاند: لە جەنگدا هیچ کەسێک قازانج ناکات، بەڵام دوژمنانیش ناتوانن بە جەنگ ئیرادەی خۆیان بەسەر ئێراندا بسەپێنن و تەسلیممان بکەن. ئێمە لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین و لەم بارەیەوە موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵا دەسەڵاتی تەواوی بە حکوومەت بەخشیوە."

سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە پاراستنی یەکڕیزیی وڵات پەیوەستە بە رازیبوونی زۆرینەی خەڵک، نەک کەمینەیەکی دەوڵەمەند، و لەم چوارچێوەیەدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سامانی گشتی هی هەموو خەڵکە، بەڵام دادپەروەری وا دەخوازێت لەم دۆخە سەختەدا سەرنجی حکوومەت بۆ خێزانە کەمدەرامەت و زیانپێگەیشتووەکان بێت و نابێت هیچ کەسێک لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکاندا بە تەنیا جێبهێڵرێت."

پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا گوتیشی: "مەبەستی ئێمە ئەوەیە شتومەک لە پارێزگا سنوورییەکان و ناوچە هەژارنشینەکان تەنانەت لە تاران و ناوەند هەرزانتر بگاتە دەستی خەڵک، بۆ ئەمەش یارمەتیی دارایی لە دەوڵەمەندەکان دەبڕین و دەیدەینە خێزانە کەمدەرامەتەکان."

دەربارەی قەیرانی کارەبا و گاز لە کەرتی پیشەسازیدا، سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دا لەوەی سەپاندنی نرخی دەستکرد هەرگیز سوودی نەبووە و داوای کرد بەڕێوەبردنێکی ژیرانە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزە پەیڕەو بکرێت و گوتی: "من ئامادەم کارەبای ژوورەکەی خۆم ببڕدرێت، بەڵام کارەبا و گازی کارگەکان و بەرهەمهێنان نەبڕدرێت تا هیچ کرێکارێک بێکار نەبێت. دەکرێت بۆ پاراستنی کەرتی پیشەسازی، هۆڵە گەورەکان و مەلەوانگە و شوێنە ناپێویستە پڕمەسرەفەکان دابخرێن تا چەرخی بەرهەمهێنانی وڵات نەوەستێت."

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەمریکا و نەیارانی وڵاتەکەی کرد بۆ پەکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گوتی: "دوژمن بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات سنوورەکانی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی دابخات و لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنووری بمانبەستێتەوە، بەڵام ئێمە لە رێگەی هاوکاری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تەواوی ئەم پیلانانە پووچەڵ دەکەینەوە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ پارێزگاران و بەرپرسانی ئێران، پزیشکیان داوای کرد دەسەڵات بە بەڕێوەبەرە لێهاتوو و بەتواناکان بدرێت و گوتی: "دانانی کەسانی ناکارا و بێبەهرە لە رێگەی خزمایەتی و واستەوە، گەورەترین خیانەتە لە وڵات."