سەرۆکی دادگەی فیدراڵی عێراق: پێویستە سەرجەم لایەنەکان بەشداری کارایان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت

سەرۆکی دادگای فیدراڵی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
سەرۆکی دادگای فیدراڵی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دادگەی فیدراڵی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە بارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و جەختیان لە پێویستی بەشداری کارای هەموو لایەنەکان کردەوە.

سەرۆکی دادگەی فیدراڵی جەخت دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەشداریی سەرجەم لایەنەکان دەکاتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە و تاوتوێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.

ڕاگەیەنەدراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی، جەختی لە دۆزینەی چارەسەری پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کردەوە، دەشڵێت پێویستە هەڵبژاردن بە شێوەیەک بێت سەرجەم لایەنەکان بەشدارییەکی کارایان هەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەند پێشنیازێک خراونەتە ڕوو، بۆ ئەو تێبینیانەی پارتی و پێکهاتەکان لەسەر هەڵبژاردن هەیانە لەبەرچاو بگیرێن و وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.

سەرەتای هەفتەی ڕابردووش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەدا بوو، کە پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.