لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق یانەی هەولێری بە قورسی سزادا

بەبیانووی رەفتاری دوور لە گیانی وەرزشی هاندەرانی یانەی هەولێر، لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یانەکەی پایتەختی بە 15 ملیۆن دینار و ئەنجامدانی دوو یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سزادا.
دوای گۆڵی چوارەمی یانەی شورتە بەرامبەر هەولێر لە گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە رۆژی 21/4/2024 هاندەرانی یانە زەردپۆشەکە وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیان، بوتڵی ئاویان هەڵدایە ناو یاریگەی فرەنسۆ هەریری و سەرپەرشتیاری یارییەکە ئەمەی کردە بیانووییەك بۆئەوەی یانەی هەولێر سزا بدرێت.
یانەی هەولێر بە دۆخێکی قورسدا تێدەپەڕێت و هەشت یارییە نەیبردووەتەوە و بەدەست چەند کێشەیەکەوە دەناڵێنێت، لە کۆی نۆ ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکە چوار ئەندامیان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە، کە دووانیان جێگری سەرۆکی یانەکەن و ئەم سزایانەش ئەوەندەی دیکە دۆخی یانەکە قورستر دەکات.
دوای دۆڕانی یانەی هەولێر بەرامبەر مینا لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، عەبدولقادر حوسێن راهێنەری یانەکە بە کوردستان24ـی رایگەیاند: کە وازیهێناوە و ناگەڕێتەوە یانەی هەولێر، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی بەرامبەر کەرخ و نەفت، یانەی هەولێر بە بێ راهێنەر گەشتی بەغدای کردووە و دوو یاریی دیکەش بەرامبەر یانەکانی حدوود و نەفتی بەسرە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات.
لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق مانگانە راپۆرتی خۆی بڵاودەکاتەوە و ئەو یانانە سزا دەدات، کە سەرپێچی یاساکانی فیدراسیۆنەکەیان دەکەن.