میلەر: نزیکەی 25 هاووڵاتیی ئەمەریکی لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەن
K24 - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات نزیکەی 25 هاووڵاتیی ئەمەریکی لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادایە، هاوکات داواکارییەکیش ئاراستەی وڵاتان دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانییان لەو کەمپانە بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دابخرێن.
ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوبەشەکانمان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کارمان لەسەر دۆسیەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانییان و بە کەسوکاریان شاد بکرێنەوە.
ڕاشیگەیاند، بڕوامانوایەت گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارە بیانییەکانی داعش لە کەمپەکانی سووریا تاکە چارەسەری ڕیشەیی و بۆ ئاسایشی سووریاش گرنگە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوایەکی ئاراستە وڵاتان کرد کە هاووڵاتییەکانییان لەو کەمپانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەڕێننەوە و بیانخەنە ناوەندەکانی شیاندنەوە بەر لەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگەیان بکەنەوە.
ماتیۆ میلە گوتیشی: زانیاریمان هەیە نزیکەی 25 ئەمەریکی لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەن.
کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ دەکەونە سنووری پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و بەشێکی زۆر لەو ژن و منداڵانەی لەناو کەمپەکەدان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوان و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی عێراقیشی تێداتە.
بە گوتەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، تاوەکوو ئێستا 2268 خێزانی ئاوارەی عێراقی کە ژمارەیان 8881 کەسە لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە عێراق و لە کەمپی جەدعەی دەشتی نەینەوا نیشتەجێ کراون.