دۆزەرەوەی کەللـە سەری نیاندەرتاڵەکەی ئەشکەوتی شانەدەر قسە بۆ کوردستان24 دەکات

K24 - هەولێر
دکتۆر ئێما پۆمەرۆی- ئەو شوێنەوارناسەی کاری لە دۆزینەوەی کەللـە سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر کردووە وەڵامی چەند پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 دەداتەوە و ئاماژە بەوەش دەدات لە چەند ساڵی رابردوودا کارێکی پڕ ئاڵنگاری و زەحمەتیان کردووە کە ماوەیەکی زۆری خایاندووە تاوەکو بتوانن پارچەکان کۆبکەنەوە و بیانپارێزن.
دەتوانی باس لە دۆزینەوەی ئەو کەللـە سەرەی مرۆڤی نیادەرتاڵمان بۆ بکەیت کەلە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزیوتانەتەوە؟
دکتۆر ئێما پۆمەرۆی، شوێنەوارناس "دۆزینەوە تازەکەمان ئێسکەپەیکەری ژنێکی نیاندەرتاڵە کە نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر مردووە، ئەو ژنێکی بەتەمەن بووە کە مردووە، پێدەچێت لە چلەکانی تەمەنیدا بوو بێت کە ئەمەش بۆ نیاندەرتاڵەکان تەمەنێکی باش بووە، لە چەند ساڵی رابردوودا ئێمە کارێکی پڕ ئاڵنگاری و زەحمەتمان کردووە کە ماوەیەکی زۆری خایاند تاوەکو بتوانین پارچەکان کۆبکەینەوە و بیانپارێزین بۆئەوەی نەوەکانی داهاتوومان دەربارەیان بزانن و لێکۆڵەوەیان لەسەر بکەن."
ئێوە هێشتا کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکەن، چی دیکەی ماوە بڵاوی بکەنەوە؟
دکتۆر ئێما پۆمەرۆی، شوێنەوارناس "ئێمە کار لەسەر شتی جیاوازی پڕۆژەکە دەکەین، کار لەسەر ئەوە دەکەین زیاتر لەبارەی ( شانەدەر زێد) و خودی نیادەرتاڵەوە بزانین، بزانین کە ژیانی چۆن بووە و چی کردووە، ئەو شتانەی کە خواردوونی چی بوون، هاوکات کار لەسەر رەفتاری نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی مۆدێرنیش لە ئەشکەوت دەکەین کە چۆن ژیاون، کاتێ نیادەرتاڵەکان لە ئەشکەوتەکان ژیاون، دواتر مرۆڤی مۆدێرنیش ئەشکەوتەکانی بەکارهێناوە، مرۆڤی وەک ئێمە، بۆیە هەوڵدەدەین بزانین ئەوە چۆن روویداوە، ئایا مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی مۆدێرن لە هەمانکاتدا لە ئەشکەوت ژیاون؟ یان دوای نیاندەرتاڵەکان لەنێوچوون و دواتر مرۆڤی مۆدێرن شوێنی گرتوونەتەوە و هیچ بەیەکەوەبوونێک و بینینێک لەنێوانیاندا نەبووە؟ هێشتا پرسیاری زۆر هەن کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە دەربارەی ژیانی رابردوو لە ئەشکەوت."
ئەمە جێگەی سەرنجە با ئەو پرسیارەش بکەم؟ بەڵگەفیلمێک بەناوی نهێنی نیاندەرتاڵەکان بەرهەمهاتووە، ئەمە بیرۆکەی کێ بوو و کێی لەپشت بەرهەمهێنانی فیلمەکەوەیە؟
دکتۆر ئێما پۆمەرۆی، "فیلمەکە لەلایەن بەشی مێژووی سرووشتی "بی بی سی" بەرهەم هاتووە. بەڵگەفیلمەکە بیرۆکەی ئەوان بوو، دواتر پێشنیازیان بۆ نێتفلێکس کرد و نێتفلێکسیش بڵاوی کردەوە، بەڵام بیرۆکەکە هی "بی بی سی" بووە و ئەوانە کارەکەیان کردووە."