جووتیارانی کورد حەوت ساڵە هۆشداریی لە تێکچوونی دۆخی پەڵکانە دەدەن

سوپای عێراق لە گوندی پەڵکانە
سوپای عێراق لە گوندی پەڵکانە

K24 – کەرکووك:

گوندی پەڵکانە پڕ بووە لە هێزی سەربازی، جووتیارانی کورد و عەرەبە هاوردەکان سەنگەریان لەیەکتر گرتووە، لەو بارەوە جووتیاران دەڵێن:"عەرەبە هاوردەکان پلانیان بۆ سووتاندنی بەرهەمەکانمان داڕشتووە"، هاوکات داوای بەپەلە چارەکردنی کێشەکەیان دەکەن.

حەوت ساڵە جووتیارانی کورد هۆشداریی لە تێکچوونی دۆخی پەڵکانە دەدەن، ئەنجامی ئەو دۆخەی ئەو هۆشدارییان لەبارەوە دەدا ئێستە بەدەرکەوتوون و دۆخەکە لە لێواری تەقینەوەدایە، گوندەکە پڕکراوە لە هێزی سەربازی و جووتیارانی کورد و عەرەبە هاوردەکان بەرانبەر یەکتر وەستاون. 

فاخیر خەلیفە، جووتیار، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شەو و ڕۆژ  بەدیار زەوییە کشتووکاڵییەکانمانەوە ئێشک دەگرین، جووتیارانی گوندی پەڵکانە هەموو بە وریاییەوە چاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەن و هەمیشە  بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ئامادەن.

گوندی پەڵکانە، کراوەتە سەربازگە، جووتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە سەنگەریان لەیەکتر گرتووە و ئەگەری پێکدادان و ئاڵۆزی لە ئارادایە. جووتیارێکی دیکە بە کوردستان24ـی گوت: "ئەگەر بەبەکارهێنانی هێزی سەربازیی نەبێت عەرەب ناتوانێت خێوەت لەناو خاکەکەمدا هەڵ بدات، ئەگەر هێزی سەربازی نەبێت عەرەب پێ بنێتە ناو خاکەکەم پێی دەبڕمەوە".

بەرووبوومەکان پێگەیشتوون و جووتیارانی کوردیش لە چاوەڕوانی چنینەوەی ڕەنجی ئەمساڵن، مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد نییە کە ئەگەر درێژە بکێشێت دوور نییە کارەساتی لێ بکەوێتەوە.

پێشتریش محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئەوەی عەرەبە هاوردەکان دەیکەن گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە و ئامانجیان درێژەدانە بە تەعریب و داگیرکاریی و زیادکردنی فشارەکان لەسەر جووتیارانی کورد.

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتبووشی: لەبەرانبەردا ئێمەی جووتیارانی کوردیش بەنیازین خێوەت هەڵبدەین و دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە، داواشی لەنوێنەرانی کورد کرد بەزووترین کات بێنە سەرخەت و چارەی بەپەلە بۆ کێشەکە بدۆزنەوە چونکە بەگوتەی ئەو، عەرەبە هاوردەکان نیازیان خراپە و دوورنییە شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا ڕوو بدات.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەفشاری عەرەبە هاوردەکان سوپای عێراق دروێنەکردنی لە جووتیارانی کورد لەسنووری گوندەکانی سەرگەڕان و پردێ قەدەغە کردووە و هەوڵەکان بەئاراستەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کوردە لەسنوورەکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، (29ـی نیسانی 2024) د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد، گوتی: لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کردووە و لەسەرخەتین و ئەو ڕێگرییانە نامێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ وەزیری بەرگری قسەم کردووە، بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیەش لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پوچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی حزبی بەعس کراوە.

گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە، لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە وەک دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن بە هاوکاری و پشتیوانیی ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، سوپای عێراق و عەرەبە هاوردەکان دەیانەوێت لەرێگەی بڕینی کارەبا، ئاو و رێگریکردن لە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و هەڵکوتانەسەر جووتیاران، هاووڵاتیانی پەڵکانە ناچاربکەن گوندەکەیان بەجێ بهێڵن.

Fly Erbil Advertisment