هەشت هەزار کەس لە عێراق لە چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی بڕیاری لەسێدارەدانن

جێبەجێ کردنی بڕیارەی لەسێدارەدان لە عێراق
جێبەجێ کردنی بڕیارەی لەسێدارەدان لە عێراق

K24 – هەولێر:

11 کەسی دیکە لە عێراق بە تۆمەتی تیرۆر و ئەندامیەتیان لە داعش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کرا، گومانەکان لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان زیاتر بوون بەتایبەت کە سەرۆکایەتی کۆمار سزاکە پەسەند ناکات و مەڕسوومی سەرۆکایەتی لەو بارەیەوە دەرناکات.

شارەزایەکی سیاسی دەڵێت: بەگوێرەی ماددەی 93ـی دەستوور ناکرێت سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکرێت تاوەکو سەرۆکایەتی کۆمار مەڕسووم لەوبارەیەوە دەرنەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دادی فیدراڵی ئاشکرای کردووە: زیاتر لە 60 هەزار کەس بەتۆمەتی تاوانکاریی مەدەنیی لە 28 زیندانی سەرەکی لە عێراق بەندکراون.

دەسەڵاتدارانی عێراق رایدەگەیەنن دوای ئەوەی دادگاکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ 11 کەسی دیکە کە تۆمەتباربوون بە ئەندامیەتیان لە رێکخراوی داعش دەرکرد، سزاکە لە زیندانی حووت لە ناسڕییە جێبەجێکراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، بە ئامادەبوونی پزیشکی دادوەری تەرمەکانیان ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.

بەپێی بۆچوونی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی لەبارەی تۆمەتباران دەرنەکردووە، بەبۆچوونی ڕێکخراوەکان زۆرێک لە سزادراوان لەژێر ئەشکەنجە و زۆرەملێدا، دۆسیەی تۆمەتیان بۆ کراوەتەوە و ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان بەلاڕێدا بردراون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە 22ـی نیسانی ئەمساڵ لەسەر لەسێدارەدانی 13 کەس هاتە دەنگ و، ڕایگەیاند بەشێکی زۆر لە سزادراوان لە عێراق دوای دادگاییکردنێکی ڕووکەشانە و دەرکردنی بڕیاری نادادپەروەرانە، بەتۆمەتی تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

تەنیا لە ساڵی 2023، زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، هەربۆیە تێبینییەکی زۆر لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دروستبووە، بە تایبەت دوای ئەوەی کە سەرۆکایەتی کۆمار بڕیارەکانی لەسێدارەدان پەسەند ناکات و فەرمانی سەرۆکایەتی لەوبارەیەوە دەرناکات، ئەمەش گومانەکان لەبوونی دەستوەردانی سیاسی لە یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکان زیاتر دەکات.

عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی ڕایگەیاندووە: جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەیاساکانی عێراقیدا لە ماددەی 58 تاوەکو ماددەی 293 لە یاسای تاوانەکان، سزاکەی دیاریکراوە و، بەگوێرەی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق سزاکە جێبەجێ ناکرێت تاوەکو مەڕسوومی سەرۆکایەتی کۆمار، لەسەر تۆمەتباران دەرنەکرێت.

بەم دواییانە وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاندبوو، لەکۆی 20 هەزار زیندانی کە بە تۆمەتی تیرۆر و ئەندامێەتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە بەندیخانەکانی عێراقدان، بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ هەشت هەزار دەرکراوە. ئاماژە بەوەشدەکات زیاتر لە 60 هەزار کەس کە تۆمەتی تاوانکاری و مەدەنییان لەسەرە لە 28 زیندانی سەرەکیدا بەندکراون.