دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: داواکارین حکوومەتی عێراق لە بەرامبەر ستەمکردن لە جووتیارانی پەڵکانە بێ دەنگ نەبێت

سوپای عێراق لە گوندی پەڵکانە
سوپای عێراق لە گوندی پەڵکانە

K24 – هەولێر:

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی گوندی پەڵکانە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات لە دەرهەق ئەو ستەمەی بەرامبەر جووتیاری کورد دەکرێت، بێ دەنگ نەبێت.

ڕۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "بەداخەوە ماوەی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتییانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکووک جووتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد".

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، بە بەردەوامی لەسەر هێل بووین تا دەستوور و یاسا دوابڕیار بێت و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتووانی ناوچەکە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن".

هاوکات دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە: "بەداخەوە تا ئێستا گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون، بۆیە داواکارین لە حکوومەتی عێراق، دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جووتیاری کورد دەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە"

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان داواشی کردووە: "شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبە هاوردەکان و بیان گەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەموو لایەک دڵنیا دەکەین دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جووتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانە و تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا ڕایدەگەیەنین جێ بەجێ کردنی دەستوور و پابەندبوون بە بنەماکانی ماددەی 140 زامنی چارەسەربوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە".

Fly Erbil Advertisment