هەینیی داهاتوو شەپۆلێکی موگناتیزیی تەقینەوەی خۆر دەگاتە زەوی
K24 – هەولێر
تەقینەوەیەکی گەورە لە هەسارەی خۆر ڕووی داوە و پێشبینی دەکرێت گورزە گەرمایەکی شەپۆلی مۆگناتیزیی تەقینەوەکە دەربازی نێو بەرگەهەوای زەوی ببێت و کاریگەری بکاتە سەر تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا و پەیوەندییەکان و جووڵەی دەریایی، چاوەڕوان دەکرێت هەینی داهاتوو کاریگەرییەکانی گەرماکە لەسەر گۆی زەوی دەربکەوێت.
ئاژانسی NOAAی ئەمەریکی بۆ چاودێریی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارشەممەوە چاودێریی چەند تەقینەوەیەکی یەک لەدوای یەکیان لە سەر هەسارەی خۆر کردووە و یەکەم شەپۆلی گەرمای تەقینەوەکەی گەیشتووتە بەرگەهەوای زەوی، بەڵام هێشتا گورزە بەهێزەکەی شەپۆلەکە نەگەیشتووە.
لەم بارەوە مایک پیتۆی، سەرۆکی ناوەندی پێشبینییەکانی کەشی بۆشایی ئاسمان لە ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن ئەوەی لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕوودەدات دەکەن زۆر سەرنج ڕاکێشتر بێت لەوەی تاوەکوو ئێستا بینراوە.
هەروەها جۆو لاما، فەلەکناسی لە ناوەندی لوێل دەڵێ: ئەو گورزە گەرمییەی لە خۆرەوە دەگاتە بەرگەهەوای زەوی بەهۆی شەپۆلە بەرزەکانییەوە ئەگەر هەیە کاریگەری بکاتە سەر ڕاگرتنی ئامێرەکانی مۆبایل یان ڕادیۆی نێو ئۆتۆمبێلەکان، بە تایبەت پەکخستنی پەخشی ئەو کەناڵە ڕادیۆیانەی لە سەر فرکوێنسێکی نزمی پەخش دەکرێن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر هەیە شەپۆلە گەرمییەکە ببێتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەباش.
لەلایەکی دیکەوە برێنت گۆردۆن، سەرۆکی بەشی خزمەتگوزاری کەشی بۆشایی ئاسمان لە ئاژانسە ئەمەریکییەکە ڕایگەیاندووە، پێشنینی دەکەن کۆتایی ئەم هەفتەیە تووشی چەند حاڵەتێکی دەگمەن و سەرسوڕمان ببنەوە، بە تایبەت ئەو شەپۆلە گەرما مۆگناتیزەی دەگاتە بەرگە هەوا، لە پێنج ساڵی ڕابردووشدا ئەمە یەکەم حاڵەت دەبێت تۆمار بکرێت کە لە دوای دیسەمبەری 2019ـەوە ڕووی نەداوەتەوە.