کۆریای باشوور بودجەی بەرگریی و ژیریی دەستکرد دوو هێندە زیاد دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە وتاری ساڵانەی بودجە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، سیئۆل تا ساڵی 2027 خەرجییەکانی لە بواری ژیریی دەستکرد و نیمچەگەیەنەرەکان دوو هێندە دەکات و دەگاتە 16 ملیار دۆلار.
کۆریای باشوور ناوەندێکی گرنگی تەکنەلۆژیایە و لانکەی هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و ئێس کەی هاینیکسە، کە دوو لە سێ گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری چیپی بیرگەن لە جیهاندا. ئەو پێکهاتانە بەهۆی بووژانەوەی ژیریی دەستکردەوە خواستی زۆریان لەسەرە.
لی جای میۆنگ گوتی "بڕی 21.3 تریلیۆن وۆن، کە دەکاتە 16 ملیار دۆلار، بۆ سێ پڕۆژەی گەورە تەرخان دەکەین، کە بریتین لە نیمچەگەیەنەرەکان، ژیریی دەستکردی ماددی و سەنتەرەکانی داتای ژیریی دەستکرد. ئەم بڕەش نزیکەی دوو هێندەی ئەو وەبەرهێنانەیە کە ئەمساڵ بۆ ژیریی دەستکرد تەرخان کراوە".
سەرۆکی کۆریای باشوور روونیکردەوە، ئەوان وەبەرهێنانی بوێرانە لە ژیریی دەستکرد و بزوێنەرەکانی گەشەی داهاتوودا دەکەن، بەمەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی گەشەکردن لە ئابووریی وڵاتەکەدا، کە رەگەزێکی سەرەکیی هێزی ئابووریی ئەو وڵاتەیە.
سەرۆکی کۆریای باشوور ئاشکرایکرد، حکوومەت بڕی 4.7 تریلیۆن وۆن بۆ پشتیوانیی پڕۆژە پێشەنگەکانی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد تەرخان دەکات، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئاستێکی جیهانی بۆ مۆدێلی ژیریی دەستکردی تایبەت بە کۆریای باشوور، کە وەک سەرمایەیەکی ستراتیژیی نیشتمانی سەیر دەکرێت.
ئەم پێشنیازە لە وتارێکدا پێشکەش کرا کە تێیدا پلانی خەرجییەکانی حکوومەت بۆ ساڵی 2027 خرایە روو، بودجەی پێشنیازکراو 821 تریلیۆن وۆنە، کە بە رێژەی 12.8%ـی لە بودجەی ئەمساڵ بەرزترە و گەورەترین پێشنیاری بودجە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دێتە ئەژمار.
لی جای میۆنگ پێویستی بەوەیە پەرلەمان ئەم پێشنیازە بودجەیە پەسەند بکات، ئەوەش بەهۆی زۆرینەی پارتەکەیەوە ئەگەرێکی بەهێزە.
سەبارەت بە بودجەی بەرگری، سەرۆکەکەی کۆریای باشوور رایگەیاند، حکوومەتەکەی هەوڵ دەدات بە رێژەی 8.2% بەراورد بە بودجەی ئەمساڵ بەرز بکرێتەوە و بگاتە 73.3 تریلیۆن وۆن. ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، حکوومەت هەوڵی دەستخستنی ژێردەریایی بە وزەی ناوەکی و فڕۆکەی جەنگیی جۆری کەی ئێف-21 دەدات. هەروەها کار دەکات بۆ ئەوەی بە خێرایی سوپاکەیان بگۆڕێت بۆ هێزێکی زیرەک و بەتوانا، لە رێگەی دروستکردنی سیستمی تێکەڵ کە توخمە مرۆییەکان و سیستمی بێ سەرنشین لەخۆ دەگرێت و پشت بە ژیریی دەستکرد، رۆبۆت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبەستێت.