قایمقامیەتی کەرکووک نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدەی بۆ 15 هەزار دینار کەم کردەوە

دوای ناڕەزایەتییە فراوانەکانی هاووڵاتییان و خۆپیشاندانەکان لەسەر گرانیی کارەبای مۆلیدە، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی کەرکووک بە فەرمی نرخەکەی دابەزاند و بۆ ئەم مانگە نرخی هەر ئەمپێرێک بە 15 هەزار دینار دیاری کرد. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 02ی تشرینی دووەمی 2026، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لەلایەن قایمقامیەتی  کەرکووکەوە دەرچووە و واژۆی، قایمقامی ناوەندی کەرکووکی لەسەرە، هاتووە که: "بەرچاوڕوونی بۆ بارودۆخی سەختی ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییان و لەپێناو رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی بارگرانیی لەسەر شانشان، بڕیار درا نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە سەرجەم ناوچەکانی شاری کەرکووک بە بڕی 15,000 (پازدە هەزار) دینار بە شێوازێکی یەکخراو و بێ جیاوازی دیاری بکرێت." 

بەگوێرەی بڕگەکانی دیکەی بڕیارەکە، سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان پابەند دەکرێن بەو نرخە و قەدەخەیە هیچ بڕە پارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییان وەربگرن. هاوکات لیژنە مەیدانییە تایبەتەکان راسپێردراون بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و رێکار و رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنە بەر.

جیگای باسە دوێنێ هاووڵاتییان لەکاتی خۆپیشاندان ئەوەیان بۆ کوردستان24 روون کردبووەوە کە بەوە رازی نین نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە لە 8 یان 9 هەزار دینار زیاتر بێت.