ئۆنروا: نزیکەی 150 هەزار کەس لە ڕەفەح هەڵاتوون

K24 - هەولێر

ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی"ئۆنروا" ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 150 هەزار کەس لە ڕەفەحەوە هەڵاتوون.

ئەمڕۆ شەممە، 11-5-2024، ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی"ئۆنروا" ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 150 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ڕەفەح هەڵاتوون.

 لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، نزیکەی 300 هەزار کەس لە ڕەفەحەوە بەرەو ناوچەی مرۆیی ئەلمەواسی ڕۆیشتوون.

هەر ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانی شاری ڕەفەح کرد شارەکە چوڵ بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیەتی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد، دەچێتە ناوچەیەک لە باکووری غەززە کە حەماس ڕیزەکانی خۆی ڕێک خستۆتەوە.

 نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی دیکە ماوەی چەند هەفتەیەکە هۆشداری دەدەن لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر لە نزیک خاڵە سەرەکییەکانی چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان، هاوکارییە مرۆییەکان پەکدەخات و دەبێتە هۆی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی.

 زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززەن، پەنایان بۆ شاری ڕەفەح بردووە.

Fly Erbil Advertisment