سێیه‌مین فێستیڤاڵی هونه‌ر و ڕۆشنبیریی كوردی له به‌رلین به‌ڕێوه ده‌چێت

K24 – هه‌ولێر:
بڕیار وایه سێیه‌مین فێستیڤاڵی هونه‌ر و ڕۆشنبیریی كوردی له به‌رلینی پێته‌ختی ئه‌ڵمانیا له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه و بۆ ماوه‌ی پێنج ڕۆژ به‌ڕێوه بچێت؛ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، چه‌ندان بیانیی به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه ده‌كه‌ن كه به‌رهه‌مه‌كانیان خزمه‌تی به ڕۆشنبیریی و مێژووی كورد كردووه.
بڕیار وایه سێیه‌مین فێستیڤاڵی هونه‌ر و ڕۆشنبیریی كوردی له به‌رلین "له ڕوانگه‌ی ئه‌وانی دیكه" له ڕۆژانی 17 تاوه‌كوو 20ـی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه بچێت.
چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه به به‌شداری به‌رفراوانی دیارترین كه‌سایه‌تییه ڕۆشنبیرییه‌كانی كورد به‌ڕێوه ده‌چێت و هاوكات چه‌ندان پێشه‌نگه‌ی هونه‌ریی و بازاڕی پیشه‌سازیی ده‌ستی و كولتووری له میانی فێستیڤاڵه‌كه‌دا ده‌كرێنه‌وه و نیشان ده‌درێن.
مه‌كسیم عیسا، به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵه‌كه له باره‌ی ئه‌م فێستیڤاڵه‌وه به ڕادیۆی "مۆنتی كارلۆ"ـی گوتووه، چه‌ندان هونه‌رمه‌ند، شاعیر، نووسه‌ر و كه‌سایه‌تی ڕۆشنبیری كورد و ئه‌وانی دیكه به‌شدار ده‌بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كردووه، ژماره‌یه‌ك له عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیهان به‌شداری ده‌كه‌ن، نه‌خاسمه ئه‌وانه‌ی كاره ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بییه‌كانیان بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕدراوه و خزمه‌تییان به ڕۆشنبیریی و مێژووی كورد كردووه، له‌وانه‌یش شاعیری سعوودی حاته‌م شه‌هری، كه شیعره‌كانی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕدراون.
ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه، ژماره‌یه‌ك له ئه‌كادیمیسیانی بیانی له‌و ئه‌رووپا و وڵاتانی دیكه به‌شداری ده‌كه‌ن و توێژینه‌وه‌كانیان له باره‌ی ڕۆشنبیری و مێژووی كورد پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
مه‌كسیم عیسا باسی له‌وه‌یش كرد، مه‌به‌ستییانه بۆچوون و ڕه‌نگه جیاوازه‌كان سه‌باره‌ت به كورد له‌و فێستیڤاڵه‌دا كۆ بكه‌نه‌وه و ڕۆشنبیریی و مێژووی كورد زیاتر به دنیای ده‌ره‌وه ئاشنا بكه‌ن.