واشنتن هاوکارییەک پێشکەشی ئیسرائیل دەکات بەرانبەر پاشەکشەکردنی لە ڕەفەح

K24- هەولێر

واشنتن پێشنیارێکی پێشکەشی ئیسرائیل کردووە کە زانیاری هەواڵگریی هەستیاری پێ بدات بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی سەرکردەکانی حەماس و دۆزینەوەی تونێلەکان، لە بەرانبەردا دەبێت ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح بکشێتەوە.

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، بەرپرسانی ئەمەریکا پێشنیازیان کردووە، کە هاوکاریی ئیسرائیل بکەن بۆ دابینکردنی هەزاران شوێنی حەوانەوە تاوەکو یارمەتی دروستکردنی سیستمی گەیاندنی خۆراک و ئاو و دەرمان بدات.

 ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، ئامانجی ئەم هاوکارییە بۆ ئەوەیە ئەو فەڵەستینیانەی لە ڕەفەحەوە گواستراونەتەوە، بتوانن شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان بەدەست بهێنن.

 ئەوەش بە ئیسرائیلییەکان گوتراوە، کە ناتوانن فەڵەستینییەکان بە ئاسانی بگوازنەوە بۆ ئەو ناوچانەی  لە غەززە بۆمباران کراون؛ بەڵام ئیسرائیل دەبێت ژێرخانی سەرەتایی دابین بکات بۆ ئەوەی ئەوانەی دەگوازرێنەوە یارمەتیان بدرێت.

 ئەو پێشنیازەی ئەمەریکییەکان لە کاتی دانوستانەکاندا هاتبوون، کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە قەبارە و پانتایی ئۆپەراسیۆنی ڕەفەح کرا.

 ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی جەنگی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بەردەوام بن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ڕەفەح، دوای ئەوەی حەماس پێشنیاری میسر و قەتەری بۆ ئاگربەستی قبوڵ کردووە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و تیایدا گوتی: ئێمە چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل دابین ناکەین، ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو شاری ڕەفەح.

Fly Erbil Advertisment