عادل باخەوان: هەمووساڵێک عێراق 250 کیلۆمەتر خاکی بەپیتی خۆی لەدەست دەدات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-05-2024، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی، سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و دیمۆگرافیی عێراق، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.

لە دەستپێکی سیمپۆزیۆمەکە د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ڕایگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی جیددیی گۆڕانی کەشو هەوادایە، لە بەسراوە تا وەکوو زاخۆ.

ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسی گۆڕانی ئاوهەوا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە بوون و نەبوونی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەشڵێت: پرۆفیسۆر "فابریس بەلۆنشت" توێژینەوەی کردووە لە شارەکانی عێراق گوتویەتی: ئەگەر عێراق و هەرێمی کوردستان فریای خۆیان نەکەون، گریمانەی ئەوە هەیە لە 25 ساڵی داهاتوودا شتێک نەمێنێت بەناوی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمانەشی بە داتا خستووەتە ڕوو.

عادل باخەوان ڕاشیگەیاند، ئەوکارەساتە بۆ ئەوەندە گەورەیە، لێرەدا هەندێک داتا دەخەمە ڕوو، هەمووساڵێک عێراق 250 کیلۆمەتر خاکی بەپیتی خۆی لە دەست دەدات، لەگەڵ ئەمەدا ساڵی 2050، ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە 80 ملیۆن کەس، لەلایەکی دیکەوە داتاکان پێمان دەڵێن ماوەیەکی تر نەوت نامینێت، لەولاشەوە کشتوکاڵمان نامێنێت، لەو کاتەدا چۆن ئەو خەڵکە چۆن بەخێو دەکرێن؟

گوتیشی: توێژەرەکانی ئێمە دەڵێن، لە دۆخێکی ئاوادا عێراق ڕووبەڕووی کۆچێکی 25 ملیۆن کەسی دەبێتەوە، ئەمەش ئەبێتە هەڕەشەیەکی ستراتیجیی لەسەر وڵاتانی ئەورووپا، بۆیە ئەو کونسوڵانەی لەناو هۆڵەکەدان دەبێت لەوە تێ بگەن، کە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بەهاوکاریی ڕاستەوخۆی ئەوان هەیە، چەنکە ئەمە چەند پەیوەندییان بە عێراقەوە هەیە ئەوەندەش پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەوروپاییەکانەوە هەیە.  

دەشڵێت: گرفتەکەیە ئەوەیە بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لەبەردەستدان، ئەگەر 233 ملیار دۆلار تەرخان نەکەین، بۆ ڕێگرتن لەو کارەساتە، نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی نێودەوڵەتی پێمان ئەڵێن هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لەبەردەم نییە تەنیا ئەو کارەساتە نەبێت.

سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ڕوونیکردەوە، عێراق گەنجترین وڵاتە، بەڵام هیچ داهاتوویەکیان لەبەردەم دا نییە، لە سەدا 68 عێراقییەکان تەمەنیان لە خوار 30 ساڵیەوەیە، لەو ڕێژەیەش بێکاریی گەیشتووەتە لەسەدا 40، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەگۆڕینی کەشوهەواوە هەیە، هەروەها لە 89% ئافرەتانی عێراق بەهیچ شێوەیەک چانسیان نییە دەستیان بەکار بگات.

باسی لەوەش کرد، یەکێک لە توێژەرانی ئێمە داتایەکی خستووەتە ڕوو، پێمان دەڵێت: ڕێژەی ملیاردێرەکانی عێراق، زۆر زیاترن لە ڕێژەی ملیاردێرەکانی 7 وڵاتی ئەوروپی، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا وای کردووە چینی مامناوەند لەدەست بدەین.