دووەمین کێبڕکێی ڕاکردن لە کوێستانەکانی کامیارانی سنە بەڕێوە چوو
K24 - هەولێر
بە بەشداریی 88 وەرزشوان لە 15 پارێزگای ئێرانەوە، دووهەم کێبڕکێی ڕاکردن لە کوێستانەکانی کامیارانی پارێزگای سنە بەڕێوە چوو. بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 70 ساڵ بوو و دوای بڕینی 24 کیلۆمەتر، سێ براوەکانی هەر دوو ڕەگەز خەڵات کران.
10 ئافرەت و 78 پیاوی وەرزشوان لە 15 پارێزگای ئێرانەوە، لە گوندی مێژوویی و گەشتیاریی پاڵنگانی سەر بە شاری کامیارانی پارێزگای سنە بەشدارییان لە دووهەمین پشبڕکێی ڕاکردنی کوێستان یا سکای ڕانینگی ئێران کرد، بەڵام کێبرکێکە یەکەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.

پێشبڕکێکە لە ناو گوندی پاڵنگانەوە دەستی پێ کرد و بەشدار بووان بە ڕێگایەکی بەردەڵانی پڕ لە هەوراز و نشێودا کە 1200 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، 25 کیلۆمەتر ڕێگایان بڕی بۆ ئەوەی لە گوندی گەشتیاری و مێژوویی تەنگیوەری کامیاران بگەنە خاڵی کۆتایی.
کچە وەرزشوانێکی کامیاران بە ناوی ستایش ئەکبەری دەڵێت: "تەمەنم 17 ساڵانە و هاتووم تاوەکوو لەم کیبڕکێیە بەشداری بکەم کە لە خاڵی دەست پێکردنی لە پاڵنگانەوە بووە و کۆتایی خاڵیشی لە تەنگیوەر بوو"
هەروەها سیامەک ئەدەبی وەرشوانێکی دیکەیش بەشداربووی کێبڕكێکە بوو دەڵێت: "لە کرماشانەوە بۆ بەشداربوون لەم کێبڕکێیە هاتووم ، بەڵام سروشت و ئاو و هەوای ناوچەکە زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشن".

تەمەنی بەشداربووان لە نێوان 11 تا 70 ساڵ بوو. بەشداربووانی پیاو بەسەر سێ گرووپی یازدە تا 18 ساڵ، نێوان 18 تا 45 ساڵ و سەرووی 45 ساڵ دابەش بووبوون. لە کۆتاییدا تەنیا 40 کەس لەو 88 بەشداران توانیان لە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێردا ڕێگەکە ببڕن و لە هەر گرووپێکی تەمەنیدا کەسانی یەکەم تا سێهەم خەڵات کران. ئەو ئافرەتانەی گەیشتنە هێڵی کۆتایی هەموویان ماوەی گەیشتنیان زیاتر لە سێ کاتژمێری دیاریکراو بوو. بەم حاڵەش ئافرەتێکی ئیسفەهانی و دوو ئافرەت لە لوڕستانەوە، خەڵاتی یەکەم تا سێهەمیان وەرگرت.
مەریەم کیانی، خانمە وەرزشوانی دانیشتووی لوڕستان دەڵێ "ئەم پێشبڕکێیەی دووهەم ساڵی یەک لە دوای یەکە بەڕێوە دەچێت. من ساڵی ڕابردووش بەشداریم کرد و پلەی سێهەمم بەدەست هێنا. بەڵام ئەمساڵ بە ئامادەیی تەواوەوە بەشداریم کرد و توانیم پلەی یەکەم بەدەست بێنم".

حەمید ڕەزا گوودەرزی وەرشوانی دانیشتووی ئیسفەهان "پلەی یەکەمم بەدەست هێنا لەگەڵ تیمی لوڕستان. ڕێگاکە زۆر بێ وێنە بوو و تایبەت بوو. من داوا لە بەرپرسانی فیدراسیۆنی شاخەوانی و پیشبڕکێکانی سکای ڕانینگ دەکەم بێن ئەم ناوچەیە ببینن و ئەم شوێنە بکەنە شوێنی سەرەکیی ئەم پێشبڕکێیانە".
سروشتی جوانی کوردستان، پڕۆفیشناڵبوونی ستافی بەڕێوەبەریی پیشبڕکێکە و میوانداریی خەڵکی کوردستان، لەو خاڵانە بوون کە هەموو بەشداربووانی پێشبڕکێکە جەختیان لێ دەکردەوە. سروشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ناوچەی هەورامان، بۆ بەڕێوەچوونی وەرزشەکانی کوێستان زۆر گونجاوە و بەڕێوەبەرانی ئەم پیشبڕکێیەش هیوادارن لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم چالاکییە لە کوردستان بەردەوام بێت و بوار بۆ پێشبڕکێەکانی پاسکیلسواریی کوێستانیش خۆش بکرێت.
