بلینکن: ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ڕەفەحیش، هێشتا هەزاران چەکداری حەماس دەمێننەوە

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر شاری ڕەفەحیش، هێشتا هەزاران چەکداری حەماس دەمێننەوە و هیچ پلانێک بۆ دوای کۆتایی هاتنی شەڕ ئامادە نەکراوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هەندێک حاڵەتدا ئیسرائیل ئەرکەکانی لەژێر یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی جێبەجێ نەکردووە و ئەگەر بەبێ پلان بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل هێرش بکاتە سەر شاری ڕەفەح، زیانێکی زۆر بە خەڵکی بێتاوان دەگەینێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو ئەنجامانەی بینیومانە لەبارەی مردنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان هەر وەک لە ڕاپۆرتەکە باسمان کردووە، ئیسرئیل لە هەندێک حاڵەتدا لە جێبەجێ کردنی ئەرکی خۆی لەژێر یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی کارامە نەبووە.

ئاماژەی بەوەش دا، هیچ پلانێکیشمان بەدی نەکردووە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ لە غەززە چی ڕوو دەدات، چونکە ئەو ئاراستەیەی ئیسرائیل گرتوویەتیە بەر ئەگەر لە ڕەفەح شەڕێکی سەخت بکات هێشتا هەزاران چەکداری حەماس دەمێننەوە.

ڕاشیگەیاند، هەندێک ناوچەمان لە باکووری غەززە و تەنانەت لە خان یونسیش بینی تێیدا حەماس گەڕاوەتەوە، بۆیە ئەگەر بچێتە ناو ڕەفەح و بەرەنگاری ئەو بەتالیۆنانە ببێتەوە کە ماون، بە تایبەتی ئەگەر پلانێک بۆ خەڵکی سڤیل ئامادە نەکرابێت هەڕەشەی گەیاندنی زیانێکی گەورە بە خەڵكی سڤیل دروست دەکات. لەبارەی ڕێگەچارەیەکی باشتر بۆ بەدەستهێنانی چارەیەکی درێژخایەن قسەمان لەگەڵیاندا کردووە  کە ئاسایشی درێژخایەن بۆ غەززە و ناوچەکەش دەستەبەر بکات.