لە سوودان 157 کەس کوژران و بریندار بوون

K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ڕووبەڕووبونەوەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە شاری "ئەلفاشر" لە هەرێمی دارفۆر، لانی کەم 27 کسی سڤیل کوژران و 130 کەسی دیکەش بریندار بوون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردەوە، "ڕۆژی یەکشەممە، لە 10ـی ئایارەوە شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە شاری ئەلفاشر دەستی پێ کردووەتەوە، کە بەهۆیەوە 27 کەس کوژران و 130 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها سەدانی دیکەش ئاوارە بوون".
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، ئەو ئامارانە بەتەواویش نەسەلمێنراون، چونکە تۆڕەکانی پەیوەندیی لە شارەکەدا پچڕاون، لەبەر ئەوە کارمەندانی دامەزراوە تەندروستی و مرۆییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناتوانن پەیوەندی بە دەرەوەی شارەکە بکەن.
دانیشتوانی شارەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕۆژی یەکشەممە، ڕۆژهەڵات و باکووری شاری ئەلفاشر بە فڕۆکە بۆردومان کراوە، هەروەها لە ناوەڕاستی شارەکەش هەردوو هێز بە تۆپ بۆردومانی یەکتریان کردووە.
سەرچاوەیەکی تەندروستی لە نەخۆشخانەیەکی باشووری ئەلفاشر جەختی کردەوە، "بەشی توێکاری نەخۆشخانەکە پڕ بووە لە تەرم".
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند، "160 کەس لەو شەڕەدا بریندار بوون، کە 31 ئافرەت و 19 منداڵ گەیەندراونەتە نەخۆشخانە".
لە 15ـی نیسانی 2023 شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە سوودان سەری هەڵدا، کە تاوەکوو ئێستە هەزاران کەس کوژراون و زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە بوونە.