بەریتانیا: وەزیری بەرگریی ڕووسیا بەرپرسە لە کوشتن و برینداربوونی زیاتر لە 300 هەزار سەرباز

K24 - هەولێر

گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری ڕووسیا، سێرگی شویگۆ، کە دوێنێ یەکشەممە، لەلایەن ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا لە پۆستەکەی دوور خرایەوە، بەرپرسە لە "کوژران و برینداربوونی 355 هەزار" سەربازی ڕووسی لە شەڕی ئۆکرانیادا.

گرانت شاپس لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "سێرگی شویگۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نایاسایی لە ئۆکرانیادا، بووەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی زیاتر لە 355 هەزار سەرباز و ئازارێکی زۆری لە نێو هاووڵاتیانی مەدەنیدا دروست کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووسیا پێویستی بە وەزیرێکی بەرگری هەیە کە بتوانێت ئەم کارەساتە هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بەوهێرشانە بهێنێت، بەڵام تەنها شتێک کە بەدەستی دەهێنێت بووکەڵەیەکی تری دەستی پوتینە.

ئەندرێ بیلۆسۆڤ شوێنی سێرگی شویگۆ دەگرێتەوە، بیلۆسۆڤ شارەزایەکی ئابوورییە و هیچ پاشخانێکی سەربازی نییە، لەو سالانەی دواییدا یەکێک بووە لە ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی ئابووری پۆتین.

ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا، دوای ئەوەی بۆ خولێکی دیکە بەسەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە، گۆڕانێکی گەورەی لە ڕیزی سەرکردە سەربازییەکان دا کرد، کە یەکێک لەوانە دوورخستنەوەی وەزیری بەرگریی ڕووسیا، سێرگی شویگۆ بوو، کە لە 2012ەوە لەو پۆستەدایە.