ڕیسایکلینی قیر تێچووی سی لە سەدی پرۆژەکانی قیرتاوکردنی کەم کردووەتەوە
K24 - هەولێر
کارگەی ڕیسایکلینی قیر لە هەولێر، یەکێکە لە کارگە پێشکەوتووکان کە ڕەچاوی پاراستنی ژینگەی لە دەرهاوێشەی زیانبەخشی وەک دەردانی دوکەڵ و گازی ژەهراویی تێدا کراوە، زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنداراوە.
کارگەکە ڕۆژانە %30 قیری بەکارهاتووی هەڵکەندراو لەگەڵ %70 ی کەرەستەی سەرەتایی و قیری نوێ تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی ژینگە لە پیسبوون بپارێزێت، بەمەش لە توانایدایە ڕۆژانە دوو هەزار تۆن قیر بەرهەم بهێنێت.
بەر لە دامەزراندنی ئەو کارگەیە، قیری هەڵکەندراوی ڕێگە و شەقامەکان لە شوێنە دوورە دەستەکان فڕێ دەدران، بەڵام ئێستا دەگەڕێنرێتەوە کارگەی ڕیسایکلینی قیری سەر بەڕێوبەرایەتیی چاککردنی ڕێگاوبانی هەولێر و دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە و دەکرێتە هەوێنی قیرێکی نوێ و ڕێگەکانی پێ قیرتاو دەکرێتەوە.
ڕاوێژ ڕەسووڵ، بەڕێوبەری پرۆژەی ریسایکلینی قیر بۆ کوردستان24 دەڵێت: پرۆسەکە بریتیە کە هێنانەوەی قیرە بەکارهاتووەکان دوای هەڵکەندنیان، لێرە لە کارگەکەدا چەند قۆناغێکدا کاری لەسەر دەکرێتەوە، لەوانە شکاندن و بێژانەوەی هاڕاوی قیرەکە، دواتر جارێکی دیکە دەتوێندرێتەوە و دەکرێتەوە قیرێکی تازە و لە پرۆژەکانی قیرتاوکردن بەکار دەهێنرێتەوە، بە هەمان کوالێتی و تایبەتمەندییەکانی قیرێکی ستاندارد کە هەیەتی، هەر بۆیە سیستەمی ڕیسایلکینی قیر پرۆژەیەکی باشی پێشکەوتنە بۆ خزمەت کردنی کوردستان".
کارگەکە رۆژانە 30% قیری کۆنی هەڵکەندراو لەگەڵ 70% کەرەستەی سەرەتایی و قیری نوێ تێکەڵ دەکات، لە توانایدایە ڕۆژانە دوو هەزار تۆن قیر بەرهەم بهێنێت لە هەر کاتژمێرێک دا 240 تۆن، بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێریش دەڵێت: درووستکردنی ئەم کارگەیە سوودی زۆری بە ژینگە گەیاندووە.
عیماد محەممەد، بەڕێوبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێر بۆ کوردستان24 دەڵێ "لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی پرۆژەکان بە ڕێژەی %30 کەم دەکاتەوە، ئەمەش نەوت، چەو، لم و چەند پێکهاتەیەکی دیکە دروستکردنی قیر کەم دەکاتەوە بە ڕیسایلکین کردنەوەی قیرە کۆنەکان، لە لایەنی ژینگەییشەوە سوودی هەبووە و چیتر پاشماوەی قیرە هەڵکەندراوەکان لە دەشت و کەندەکان فڕێ نادرێت و ژینگە ناکات"

17ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی کارگەی ڕیسایکلینی قیری هەولێر گوتی: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لەو پرۆژانەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکوومەت لە پێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری.
گوتیشی: ئەمە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تا ئێستا قیری کۆنی هەڵکەنراو، تێکەڵ بە ژینگە دەکرا، بەڵام لە ئهمڕۆ بەدواوە پێویستە قیری هەڵکەندراو کۆ بکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت، بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه، قیری هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیری حکوومی و تایبەت، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ڕیسایکل بکرێ و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرەنجام ژینگە پیس نەکات، ئەمەش بێگومان لە ڕووی ئابووریشەوە سوودی دەبێت.
لە پلاندایە بۆ داهاتوو تەواوی ئەو شەقام و رێگایانەی قیری بۆ دەکرێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ کارگەی ریسایکلینی قیڕی هەولێر ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە.