ئێران: ئەگەر ئیسرائیل بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشە بکات، ئێمەش چاو بە بەرنامەی ئەتۆمیی خۆماندا دەخشێنینەوە

ئێران
ئێران

K24 - هەولێر

کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران گوتی، ئەگەر وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی لێبکرێت، ڕەنگە بیری خۆیان لەبارەی پرسی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی بگۆڕێت.

لە سێیەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی ئێران و عەرەبی بۆ هاوکاری و کارلێک، کەمال خەرازی ڕایگەیاند، "زەقترین پرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی غەززەیە، دەبێت هەمووان هەوڵی ئەوە بدەن ئەم شەڕە بوەستێنن"، گوتیشی: "بەداخەوە ئەم شەڕە بە پشتیوانیی ئەمەریکا و ئەورووپا بەردەوامە، ئەوان چەکی کوشندە بۆ ئیسرائیل دابین دەکەن".

 خەرازی جەختیکردەوە، پێشبینی دەکرێت وڵاتانی ئیسلامی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن، هەروەها فشار بخەنە سەر وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمەریکاش بۆ بایکۆتکردنی ئەو وڵاتە، هەروەها ڕای گشتیی لە وڵاتان ئاگادارە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەکانی دەرەوە، باسی لەوەش کرد، حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشنیاری قەتەر و میسری بۆ ئاگربەست قبوڵ کرد، بەڵام ئیسرائیل قبووڵی نەکرد و هێرشی کردە سەر ڕەفەح، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل تەنها لە زمانی هێز تێ دەگات.

کەمال خەرازی ڕوونیشی کردەوە، "ئێمە پاڵپشتی بەهێزی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکەین، ئاشتی لەم ناوچەیەدا دێتە ئاراوە، کاتێک هەموو وڵاتان بەهێز بن، هەروەها ئامادەکاری تەواومان هەیە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکە لە بواری چەک و تەکنەلۆجیا سەربازییەکان".

 خەرازی دەشڵێت: "ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، بە هاوکاری ئەوروپاییەکان و ئەمەریکییەکان بەدەستی هێناوە، ساڵانە ئێمە و میسر بیرۆکەی دامەزراندنی ناوچەیەکی تەرخان لە چەکی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخەینە ڕوو، و چارەی ئەم پرسە ئەوەیە کە ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت".

 خەزاری هۆشداریشی دا، ئەگەر ئیسرائیل هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی لە ئێران بکات، ڕەنگە ئێمە چاو بە بەرنامەی ئەتۆمی خۆماندا بخشێنینەوە، چونکە ئێمە چەکی ئەتۆمیمان ناوێت، بەڵام ئەگەر دوژمن هەڕەشەمان لێ بکات، ناچار دەبین بیرکردنەوەی خۆمان بەرانبەر بە بەرنامەی ئەتۆمی بگۆڕین".

 ڕاشیگەیاند، ئەمەریکییەکان دەیانگوت دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە، بەڵام کێ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە؟ بۆیە ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان.

Fly Erbil Advertisment