دەستەی كاتی نوێی یانەی هەولێر دیاریكران

دوای ئەوەی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دەستیانلەكاركێشایەوە، دەستەیەكی نوێ بۆ شوێنگرەوەیان بەشێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك هەڵبژێردران.
لە دوایین كۆبوونەوەی بەرپرسانی شارەكە لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بڕیاردرا دەستەی كارگێری ئێستای یانەی هەولێر دەستلەكاربكێشنەوە، بەشێوەیەكی كاتی بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەغدید دەستەیەكی كاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر بەربژێر كراوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، موئەیەد مەغدید جێگری سەرۆكی لێژنەی ئۆڵمپی كوردستان وەكو سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر دەستبەكاردەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، دكتۆر سیروان تەها سەرۆكی لقی فیدراسیۆنی تێنسی كوردستان، لەگەڵ سرود غازی و نزار سلێوا یاریزانانی پێشووی یانەی هەولێر وەكو ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر هەڵبژێردراون.
كاروان جەباری و جێماو كاڕەش هاوشانی شاخەوان عارف و جەلال پەرێشان وەكو ئەندامی كاتی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دەستبەكاردەبن.
