سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەرەو توركیا بەڕێ كەوت
لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرە، ئەردۆغان پێشوازی لە بارزانی دەكات
سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە سەردانێكی تایبەتی بەرەو توركیا بەڕێ كەوت.
بە گوێرەی زانیارییەكان، كە بەدەست كوردستان 24 گەیشتوون، لەم سەردانەیدا، مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەر یەكە لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و بن عەلی یەڵدرم، سەرۆكی وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و تاوتوێێی كۆمەڵێك پرس و بابەتی سیاسی ھەنووكەیی ناوچەكە دەكەن. ھەر لە میانی سەردانەكەشیدا، بارزانی لەگەڵ شاندێكی ھەدەپە كۆدەبێتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، جگە لە بابەتی تیرۆر و شەری داعش، چاوەڕێ دەكرێت ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە، دۆزینەوەی دەلیڤەیەكی نوێ بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و پرسی رۆژئاوای كوردستان، تەوەری دیكەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی نێوان بارزانی و ئەردۆغان و بەرپرسانی توركیا بن.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، رەنگە بارزانی لەو سەردانەیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا كۆ ببێتەوە، كە بڕیارە سبەی چوارشەممە، بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی رادەستكردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن، سەردانی توركیا بكات.