جەلیل زەنگەنە باسی بەشی چوارەم و پێنجەمی درامای 'گەردەلول' دەکات

K24 - هەولێر
ئەمساڵ "جەلیل زەنگەنە"ـی دەرهێنەر، کار بۆ وێنەگرتنی بەشی چوارەم و پێنجەمی درامای گەردەلول دەکات. هەروەها 1000 ئەکتەریش بەشداری تێدا دەکەن.
دوای دەربڕینی ناڕەزایی و رووبەڕووبوونەوەی رەخنەی توندی شارەزایانی بواری دراما لە زنجیرە درامای مێژوویی "گەردەلول"، ئەمساڵ "جەلیل زەنگەنە" دەرهێنەر کار بۆ وێنەگرتنی بەشی چوارەم و پێنجەمی ئەم درامایە دەکات، کە بە رووداوەکانی ساڵی 1982 دەست پێدەکات و بە راپەڕینی ساڵی 1991 بە کۆتا دێت و چەندین رووداوی مێژوویی لەم ئەڵقانەی دراماکەدا نیشانی بینەر دەدرێت.
"جەلیل زەنگەنە" لە بارەی کارکردن بۆ تۆمارکردنی دیمەنەکانی ئەو دوو بەشەی درامای "گەردەلول"ـەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشەکانی ئەمجارەی دراما مێژووییەکە جیاواز دەبن، بە کوالێتیەکی بەرز کار بۆ وێنەگرتن و نیشاندانی دیمەنەکان دەکەین، تەنانەت ئەمجارەیان 1000 ئەکتەر لە کوردستان بەشداری لەم درامایە دەکەن و رۆڵی جیاواز بەرجەستە دەکەن، کە هەندێک لەو ئەکتەرانەش لە بەشەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی دراماکە رۆڵیان هەبووە، چەند هونەرمەندێکیشمان دیاری کردووە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو هونەرمەندانەی لە ژیاندا نەماون و پێشووتر رۆڵی بەرچاویان لە گەردەلولدا بینیووە.
گوتیشی: ئەو هونەرمەندانەی لێم زوویرن و نایەنەوێ بەشداربن لەم دووبەشە نوێیەدا ئازادن و رێز لە ڕاو سەرنجەکانیان دەگرم و هەر کاتێک نیازی بەشداریکردنیان هەبێت دەرگامان کراوەیە.