لە هەولێر شانۆگەریی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس" نمایش دەکرێت

شانۆگەریی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس"، لە دەرهێنانی د. ژیلوان تاهیرە و کۆمەڵێک ئەکتەری شاری هەولێر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی رۆشنبیری لە هەولێر نمایش بکرێت.

یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، د. ژیلوان تاهیر، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "شانۆگەریی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس"، بە چیرۆکێکی تایبەت و روانگەیەکی جیاواز، ژیان و جیهانی شێتەکانی شاری هەولێر دەخاتە سەر شانۆ؛ ئەو کەسانەی کە بەشێکن لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی و رۆژانەی ئەم شارە و هەر یەکەیان چیرۆک و رەفتار و جیهانێکی تایبەتی خۆی هەیە."

د. ژیلوان تاهیر سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "شانۆگەرییەکە ژیانی ئەو کەسانە دەخاتەڕوو کە لە ناو کۆمەڵگەدا بە شێت ناسراون، بەڵام لە پشت ئەو ناونیشانەوە، مرۆڤێک هەیە بە هەست و سۆز و یادەوەری و چیرۆکی تایبەتی خۆی. ئەوانیش وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، بەشێکن لە ژیانی شار و لە رێگەی بوون و هەڵسوکەوتەکانیانەوە، بەشێک لە رەنگ و رووی کۆمەڵایەتیی هەولێریان پێک هێناوە."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "شانۆگەرییەکە پەیوەندیی ئەو کەسانە بە ناسنامە و کولتووری هەولێرەوە دەخاتە بەرچاو؛ شارێک کە بە مێژووی کۆن، فرەرەنگیی کۆمەڵایەتی و میواندۆستییەکەی ناسراوە. هەولێر لە درێژایی مێژوودا جێگەی پێشوازی لە خەڵکی ناوچە و شوێنە جیاوازەکان بووە و ئەم تایبەتمەندییە لە ژیانی رۆژانە و پەیوەندییە مرۆییەکانی دانیشتووانی شارەکەشدا رەنگی داوەتەوە."

سەبارەت بە گرنگیی چیرۆکی شانۆگەرییەکە، د. ژیلوان تاهیر دەڵێت، "گرنگیی ئەم شانۆگەرییە لەوەدایە تەنیا چیرۆکی کۆمەڵێک کارەکتەری جیاواز ناگێڕێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات بە زمانێکی هونەری، سەرنجی بینەر بۆ بەشێک لە ژیانی شار رابکێشێت کە زۆرجار لە ناو رۆژمەرەیی ژیاندا لەبیر دەکرێت؛ ئەو کەسانەی  لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانیان، مافی بوون و رێزگرتنیان هەیە و بەشێکن لە چیرۆکی هەولێر."

د. ژیلوان تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ناوەڕۆکی ئەم شانۆگەرییەدا، میواندۆستیی هەولێر وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی ناسنامەی شارەکە دەردەکەوێت؛ ئەو بەها مرۆییەی کە لە درێژایی مێژوودا بووەتە هۆی پێکەوەژیانی کولتوور و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان، و هەولێری کردووە بە شوێنی پێشوازی و هاوبەشی."

شانۆگەریی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس"، لە نووسینی محەمەد عەلی عوزێرییە و د. ژیلوان تاهیر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، هەر یەکە لە، بەکر مەعرووف و کاوە حەسەن و سلێمان گەڵاڵی و نەوزاد حاجی شووشە و سامرەند دارا و کۆمەڵێک ئەکتەری دیکە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.