وەزارەتی پەروەردە: ئامادەین هەموو هاوکارییەکی ڕووداوەکەی قوتابیانی کفری بکەین
K24 - هەولێر
وەزارەتی پەروەردە ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەکی ڕووداوەکەی قوتابیانی کفری دەردەبڕێت کە بووە هۆی مردن و بریندار بوونی 11 قوتابی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی ئایاری 2024، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند پاسێک کە قوتابیانی ئامادەیی باکووری کچانی لە کەلارەوە بەرەو کفری گواستووەتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتێکی زانستی لە قەزای کفری، لە ڕێگەدا پاسێکیان وەرگەڕاوە.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە، "چەند قوتابییەک گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بریندارن".
ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ھاوبەشی خەمی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەین، لە خوای گەورە داواکارین سەبوری بە کەسوکار و مامۆستایان و ھاوڕێکانیان ببەخشێت، ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکین بۆ چارەسەرکردنیان".
لای خۆیەوە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "لەگەڵ دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی؛ شێخ جەلال، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و مامۆستا دارا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان قسەم کردووە، ئەوەی پێویست بێت بکرێت بۆ بریندارەکان لە خزمەتیان دەبین".
بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵی 2022 سێ هەزار و 706 رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە؛ لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.