سەرۆكی نوێی یانەی هەولێر پەیامی خۆی لە ڕێگەی كوردستان24 ڕاگەیاند

موئەیەد مەغدید سەرۆكی نوێی یانەی هەولێر - ستۆدیۆی ناوەندی كوردستان24 ـ سێشەممە 14/5/2024
موئەیەد مەغدید سەرۆكی نوێی یانەی هەولێر - ستۆدیۆی ناوەندی كوردستان24 ـ سێشەممە 14/5/2024

موئەیەد مەغدید سەرۆكی نوێی یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24ـەوە پەیامی خۆی راگەیاند و جەختی لەوە كردەوە بە یەكگرتوویی لەگەڵ ئەو ستافە نوێیە دەتوانن ئەو دۆخە خراپەی ئێستای یانەكە تێیپەڕێنن، دەشڵێت: من خۆم داوای ئەو پۆستەم نەكردووە، ماوەی سەرۆكایەتی منیش كاتییە و هەرگیز بیرم لەوەش نەكردووەتەوە بۆ داهاتوو خۆم هەڵبژێرمەوە.
دوای ئەوەی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی زۆرینەی ئەندامەكان هەڵوەشایەوە، دەستەیەكی كاتی بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەغدید دەستبەكار دەبێت.
یەكەمین دەركەوتنی موئەیەد مەغدید وەكو سەرۆكی نوێی یانەی هەولێر لە كوردستان24 بوو كە تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دەبێت ئەندامەكان بەرژەوەندییە گشتییەكانی یانەكە بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە تایبەت و كەسییەكانیان.
موئەیەد مەغدید جێگری سەرۆكی لێژنەی ئۆڵمپی كوردستان و سەرۆكی ئێستای یانەی هەولێر لە بەرسیڤێكی كوردستان24 رایگەیاند ئەو كەسێكی نامۆ نییە بۆ یانەی هەولێر، دەشڵێت: ئەزموونێكی گەورەم لەگەڵ یانەی هەولێرە هەیە، 29 ساڵ بەبێ پچڕان لەگەڵ ئەو یانەیە كارم كردووە، زۆر دۆخی سەخت و داراییم لەگەڵ ئەو یانەیە تێپەڕ كردووە، كەسێكی نامۆ و تازە نیم بۆ ئەو یانەیە، پێشتر وەكو یاریزان و ئەندامی دەستەی كارگێری لەو یانەیە یاریم كردووە و كارم كردووە.
موئەیەد مەغدید گوتیشی: پێشتر لە یانەی هەولێر سەرۆك و جێگریش نەبوومە، ئەندامێكی ئاسایی بووم، بەڵام خاوەن بڕیار و سنووری خۆم بوومە، ئێستاش وەرگرتنی ئەو پۆستە وام لێ ناكات هەست بە دڵخۆشییەكی گەورە بكەم و پێموا بێت ئاسانە، دەزانم ماندووبوونی زۆری دەوێت، دەبێتە بەرپرسیاریەتی و ئەركێكی قورس، چونكە ئەوەی لەم شوێنە كاربكات دەبێت تەنیا بیر لە خزمەتی ئەو شوێنە بكاتەوە، دەبێت هونەری ئیدارەدانی بەرفراوان بێت و ژیرانە مامەڵە بكات.
موئەیەد مەغدید پێشتر سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی بالەی كوردستان و عێراقیش بووە، لە رێگەی كوردستان24ـەوە رایگەیاند
سەرەتای كاركردنی ئەو بۆ تێكوشان و باشتركردنی دۆخی تیپی یانەی هەولێرە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، لەمبارەیەوە گوتی: دڵنیام حكوومەت هاوكاری ئێمە دەكات، دەبێت هاوكارەكانیشم بەیەك رووحیەت و ئامانج وەكو برا بۆ باشتركردنی یانەی هەولێر تێبكوشن.
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی حەیدەر عەبدولئەمیر بۆ راهێنەرایەتی یانەی هەولێر، موئەیەد مەغدید هێمای بۆ ئەوە كرد ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی راستی نییە و ئاگاشی لەو هەواڵە نییە كە بڵاوكراوەتەوە.
دەستەی كارگێری یانەی هەولێر پێش ئەوەی چوار ساڵی تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو بكەن، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانیان، دەستەكە هەڵوەشایەوە و دەستەیەكی كاتی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك شوێنیان دەگرێتەوە.
ئەندامە نوێیەكانی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر پێكهاتوون لە جەلال پەرێشان، دكتۆر سیروان تەها، سروود غازی، نزار سلێوا، نەوزاد سابیر، جێماو كاڕەش، شاخەوان عارف و رێبوار جەباری.
یانەی هەولێر لە ماوەی دوو ساڵ و نیوەی سەرۆكایەتی كارگێری پێشوو، توانیان نازناوی خولی لاوانی نایابی عێراق ببەنەوە، لە جامی عێراقیش ساڵی رابردوو پلەی دووەمیان بەدەستهێنا، لە خولی بژاردەی بالەی عێراقیش لە پلەی دووەم كۆتاییان بەم وەرزە هێنا، لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی ئەم وەرزەش هەولێر لە كۆی 27 یاری، 6 یاریی بردووەتەوە و 11 یاریی دۆڕاندووە و بە كۆكردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی پازدەیەمی ریزەندی دێت.

.
.
.