عومەر ناسر: گەندەڵی لە عێراق بووەتە دیاردە

K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: گەندەڵی، پرۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی لە عێراق پەک خستووە، هەروەها گەندەڵی بووەتە هۆی داخورانی تەواوی جومگەکان و دامەزراوە حکوومەتییەکانی عێراق.
عومەر ناسر، شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە گەندەڵی لە هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، بەڵام لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە رێژەکەی دەگۆڕێت، گەندەڵی لە عێراق ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک خەریکە جەستەی عێراق هەموو دەخوات، گەندەڵی لە عێراق بووەتە دیاردە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە راشیگەیاند، ئەگەر بێت و کێشەکە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست چارەسەر نەکرێت،ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە میتۆدێک و وای لێ بێت زۆربەی گەندەڵکاران کار بەو میتۆدە بکەن.
ئاماژەی بەوە دا، گەندەڵی پرۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی لە عێراق پەک خستووە. باسی لەوەش کرد، گەندەڵی بووەتە هۆی داخوارانی تەواوی جومگەکان و دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق.
عومەر ناسر، گوتی: عێراق ئێستا لە پێوەری بەرزبوونەوەی گەندەڵی و ڕاپۆرتی دامەزراوەی شەفافییەتی جیهانی بەرەوە پێشەوە چووە و ڕێژەکە زۆر بەرز بووەتەوە، بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی، عێراق لە جیهان لە ڕووی گەندەڵییەوە پلەی 13دەیەمی گرتووە لە کۆی 30 وڵات.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پێویستە یاسای توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتەکە دەربکرێت.