سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر: لەماوەیەکی نزیکدا بڕیاری دابەشکردنی زەوی جێبه‌جێ ده‌كرێت

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر باس له‌ ڕێكاره‌كانی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌م زووانه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین.

ئه‌ندازیار كارزان هادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی و بەسەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار چەندان کۆبوونەوەمان بۆ هەڵسەنگاندنی پلانی دابەشکردنی زه‌وی بەسەر فەرمانبەراندا، کردووە.

سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، سبەی واتە ڕۆژی چوارشەممە کۆتا ڕۆژە بۆ ڕادەستکردنی داتاکانی دابه‌شكردنی زه‌وی بە وەزارەتی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشتریش موفیدە یونس مستەفا، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگە و مێدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگەیاندبوو، وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەست پێ کردووە و بە مەبەستی خستنەڕووی داتاکانی فەرمانبەران و ژمارەی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستیی دیاریکردنی زەوییەکان لەسەر نەخشە، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەی ئاوەدانی کردووە.

ئەو ڕاوێژکارە یاساییە، دەڵیت: وەزارەتەکەیان ڕێنمایی پێویستی سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی ئامادە کردووە و هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد "دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە کاتی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون".

ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.