کۆشکی سپی: بایدن دژی هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەوەستێتەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی لە دژی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە پارتی کۆمارییەکان سەرۆکایەتی دەکات بەکاردەهێنێت، کە پابەندی دەکات بە ناردنی چەکی بەرگری بۆ ئیسرائیل.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی "سی ئێن ئێن" ئەم پڕۆژە یاسایە لە کاتێکدایە کۆنگرێس دوای بڕیارەکەی بایدن بۆ ڕاگرتنی ناردنی بارێکی چەک بۆ ئیسرائیل نیگەران بوون، ڕاگرتنی باری چەکەکەش بەهۆی هێرشی سەر رەفەح بووە.

 نووسینگەی کارگێڕی و بودجەی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە وەڵامێکی چەواشەکارانەیە بۆ شێواندنی کارنامەی ئیدارەی ئەمەریکا بەرانبەر بە ئیسرائیل، ئێمە هەمیشە دڵنیاین لەوەی ئیسرائیل ئەوەی پێویستی پێیەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی، پابەندین پێیەوە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پرۆژە یاسایە توانای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتێکی دەرەکی کاریگەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەروەها دەکرێت نیگەرانی جددی لەسەر پێشێلکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بەپێی ماددەی دووەمی دەستوور هەبێت، لەوانەش ئەرکەکانی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی جێبەجێکار و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە".

 ئەم پڕۆژەیاسایە کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت، ئامانج لێی ئەوەیە کە ئیدارەی ئەمەریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل ڕانەگرێت، داواش دەکرێت لەکاتی پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەر کەرەستەیەک یان خزمەتگوزارییەک کە پێشتر بۆ ئیسرائیل ڕاگیراوە لە ماوەی 15 ڕۆژدا کارا بکرێتەوە.