لە ڕۆژی جیهانی خێزاندا، ئاماری مەترسیدار لەسەر هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لە عێراق دەخرێتە ڕوو

"تەنها لە ساڵی 2023دا 70 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراوە"

ڕۆژی جیهانی خێزان
ڕۆژی جیهانی خێزان

K24 - هەولێر

بەپێی ئەو بڕیارنامەیەی کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1993دا دەریکردووە، لە 15ـی ئایاری هەموو ساڵێکدا ڕۆژی جیهانی خێزان دەکرێتەوە، ئەمەش بۆ باشترکردنی پرسەکانی پەیوەست بە خێزانەکان و زیادکردنی زانیاری لەسەر پرۆسەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیمۆگرافییەکانە.

لە عێراقدا خێزان هێشتا بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگایە و یەکگرتوویییەکەی بنەمای سەرەکییە لە گەشەکردنی نەوەکانی داهاتوودا، ئەمەش ئەوەیە هەموو لایەنێکی تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی، تەنانەت ڕاگەیاندکارانیش هەوڵی دەستەبەرکردن و پاراستنی دەدەن، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی جیابوونەوە زیادی کردووە و خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە، ئەمەش پێویستە تیشکی بخرێتە سەر ئەم دیاردە مەترسیدارەی کە کۆمەڵگاکە دەخاتە مەترسییەوە.

تەنها لە ساڵی 2023دا، 70 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2022دا نزیکەی 65 هەزار حاڵەت تۆمارکراوە، لە ماوەی دەیەی نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2014 لە هەر پێنج هاوسەرگیرییەک یەکێکیان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە و لە هەمان ماوەدا 516 هەزار و 784 حاڵەتی جیابوونەوە لە کۆی 2.6 ملیۆن هاوسەرگیری تۆمار کراوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، لە عێراق 10 حاڵەتی جیابوونەوە لە کاتژمێرێکدا تۆمار کراوە، ئەمەش ئامارێکی زۆر نیگرانکەرە، هاوکات مانگی ئاداریش زیاتر لە 200 حاڵەتی جیابوونەوە لە ڕۆژێکدا تۆمارکراوە.

ئەمانە بەڕاستی ژمارەیەکی شۆککەرن بۆ کۆمەڵگایەک کە هێشتا بە پارێزکار دادەنرێت و گرنگی بە خێزان دەدات و گرنگییەکەی دەزانێت، بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بەرزبوونەوەی ئەم ڕێژانە بەهۆی چەندین هۆکارەوەیە، لەوانە هاوسەرگیری پێشوەختە و ئەو بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە هاوسەرەکان تووشیان بووە.

بەڵام پێویستە تیشک بخرێتە سەر گرنگی هۆشیاری هاوسەران و خێزانەکانیان پێش ئەوەی بڕیارێکی چارەنووسساز وەک هاوسەرگیری بدەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە هەر هۆکارێک بێت ڕێگری لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکە بکرێت.

خێزان ڕۆڵێکی ناوازە دەگێڕێت لە دەستەبەرکردنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی دایک و باوک و منداڵ بەتایبەتی تەندروستی دەروونی و سەقامگیری و پاڵپشتی یەکتری نێوان تاکەکان کە بنەماکانی بنیاتنانی خێزانێکی سەرکەوتوو و یەکگرتوون.