دەربارەی کورسی کۆتاکان سکاڵا لەسەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار دەکرێت

K24 - هەولێر
کەسایەتییەکی کریستیان، لەسەر نەهێشتنی کورسی کۆتاکان، سکاڵای لەسەر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024، زیا پترۆس، کەسایەتی کیستییان، ڕۆژی 13ـی ئایار سکاڵای لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرد و داوای گەڕانەوەی کورسیی کۆتاکان و یەک بازنەی هەڵبژاردنە دەکات.
سکاڵاکەی ئەو کەسایەتییە لەسەر ئەوەی سیستەمی نوێی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکان لادراوە و پرۆسەی هەڵبژردنیش بە سەر چوار بازنەی دەنگدان دابەشکراوە تۆمار کردووە.
لە سکاڵاکەدا ئاماژەدراوە، بە کەمکردنەوە و دابەشکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان ڕەچاوی مافی پێکهاتەکان نەکراوە و پێچەوانەی دەستوور بڕیاردراوە بەو پێیەی نوێنەرایەتی تەواوی پکێهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە، ئەمەش دژە و لەگەڵ مادەی (49/یەکەم)ی دەستوور ناگونجێت، کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری کراوە، لە کاتێکدا ئەم ماددە دەستوورییە بووەتە بنەمایەک و هەموو هەڵبژاردنەکانەکانی فیدراڵیی دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنانەشی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڵام لە کەم کردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی کورسییەکان مافی پێکهاتەکانی تورکمان پشتگوێ خراوە و فەرامۆشکراوە، بەمەش پێشێلی ماددەکانی 14 و 16ی دەستوورە کە نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق بکرێت.
هەر لە سکاڵاکەدا هاتووە، ئەو یاسایەی بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، دژ بە ماددەی 125ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و پێشێلی مافەکانی ئیداری، سیاسی، ڕۆشنبیری و فێربوونی پێکهاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشووری پێکهاتەکانی دیکە دەکات، لە کاتێکدا کە لە دەستوور مافەکان جێگیرکراون.
ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.

