سیروان محەممەد: سەرژمێری لەبەر هۆی سیاسی نەکراوە

K24 – هەولێر

بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار ڕایگەیاند، یەکەم جارە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان سەرژمێری بکات.

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکەم جارە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان سەرژمێری بکات.

سیروان گوتیشی: هەرێمی کوردستان داتاکانی لەدەستی خۆیدایە و ئەتوانێت بەکاری بێنێت بۆ گەشەسەندنی ئابووری خۆی، بەتایبەتی ئەو قۆناغەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت. جگە لە ئەنجامەکانی دیکەی سەرژمێری کە لە ئابووری و کۆمەڵایەتی کشتوکاڵی پیشەسازی دەرئەکەوێت.

باس لەوەش دەکات، دوای ساڵی 2003 هەنگاو بەرە بەرە دەستی پێ کرد بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری عێراق، تاوەکوو گەیشتە قۆناغێکی تەواو ئامادە لەساڵی 2009، بەڵام ئەوکاتە بەشێک لە لایەنە سیاسی و عەرەبییەکان لە کەرکووک و نەینەوا و دوو پارێزگای دیکەی عێراق، کێشەیان دروست کردوو و بەسیاسیان لەقەڵەم دا. بەتایبەتی ئەوکات هەوڵی ئەوەیاندا کورد بەش بەش بکەن لە پرسیاری نەتەوەیی.

دەشڵێت: لە 2010 ئەو پڕۆسەیە شکستی هێنا، هەروەها لە ساڵەکانی 2011 و 2012 و 2013، هەوڵدرا لە ڕێگەی کارگێڕیەوە بکرێت بەڵام نەکرا، دواتریش شەڕی داعشی بەسەردا هات.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار، ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سەرژمێری ئەوەی ئەبێت هەموو وڵات بگرێتەوە، بۆ ئەوەی سوودی هەبێت بۆ هەموو وڵاتەکە، هەروەها ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەڵێ، ئەگەر سەرژمێری لە وڵاتێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ نەکرێت، ئەوە ئەستەمە بتوانیت سەرچاوە مرۆییەکان و داراییەکانی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەری لەسەر ناوچەکانی دابەش بکەی.

جەختیکردەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەی بۆ سەرژمێری تەرخانکراوە، 12.67ـە، واتە بۆ 2023 کە ئێمە بەشێکمان لێ وەرگرتووە، دەشڵێت: لەسەرەتا 100 ملیار دیناریان تەرخام کردبوو، بەڵام بەپیی زانیارییەکانم بەنیازن ئەو بڕە زیاد بکەن بۆ 400 ملیار دینار، هەروەها لەکۆی 12 ملیار و 670 ملیۆن دیناریش  6 ملیار دینار مانگی نیسانی ئەمساڵ گەیشتووەتە دەستمان.