وەزارەتی دارایی: بڕیارە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا، ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت
K24 - هەولێر
هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆبوونەوە و ڕەشنووسی خشتەکانی بودجەیان بۆ ساڵی 2024 تاوتوێ کرد. وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەڵێت، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی "دۆستانە و بەرپرسیارانەدا" بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوەچوو.
شاندی حکوومەتی فیدراڵی لە وەزیرانی نەوت، پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا، تیمێکی وەزارەتی دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی عێراق پێک هاتبوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
کۆبونەوەکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، "لە کەشێکی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو لە هەردوولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئەرێنی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دروست ببوون، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت".
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق".