پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە حەشدی شەعبی کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە

K24 - هەولێر
پەسەندکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. شارەزایان دەڵێن، تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە دەبێتە بارگرانییەکی هەرە گەورە بۆ سەر بودجەی گشتیی عێراق.
پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەبێتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر بودجەی عێراقەوە و هۆشداری لە بەرەنجامی تێپەڕاندنی دەدرێت.
ڕۆژی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی پەسەندکرد و ڕەوانەی پەرلەمانی کرد.
لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە، سەرجەم ئەندامانی حەشدی شەعبی بە گرێبەست و خۆبەخشەوە بە مووچەخۆری حکوومەت هەژمار دەکرێن، کە لە پرۆژەیاسای بودجەی وڵاتدا ژمارەی ئەندامانی دەستەکە 238 هەزار کەس دیاری کراوە، ئەمە جگە لەوەی بەگوێرەی گوتەی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دەستەکەیان بە گرێبەست و خۆبەخشەکانەوە لە 500 هەزار ئەندام پێک دێت.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، ژمارەی مووچەخۆرانی حەشدی شەعبی بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد دەبێت و نیو ملیۆن مووچەخۆر بۆ حکوومەت زیاد دەبێت.
پێش تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە، بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆ دەستەی حەشدی شەعبی 3 ترلیۆن و 740 ملیار دینارە، بەڵام بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە بودجەکە بۆ نزیکەی 7 ترلیۆن و 480 ملیار دینار بەرزدەبێتەوە، ئەمەش یەکسانە بە لەسەدا 50٪ـی کۆی گشتی بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی بەرگریی عێراق.
جگە لەوەش، هەر لە پرۆژە یاساکەدا، ماوەی خزمەت بۆ خانەنشینی ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی بە 15 ساڵ دیاری کراوە، بەجۆرێک لەدوای 15 ساڵ خزمەت لە دەستەکەدا، ئەندام دەتوانێت داوای خانەنشینیی بکات، لەکاتێکدا لە نێو سوپای عێراقدا، هەر تاکێکی سوپا دوای 25 ساڵ لە خزمەت دەتوانێت داوای خانەنشینیی بکات.
ئەمە و جگە لە چەندین ئاسانکاری دیکە لە پرۆژەیاساکەدا کە بۆ هیچ چین و توێژ و مووچەخۆرێکی دیکەی عێراق نەکراوە و شارەزایانیش دەڵێن، تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە دەبێتە بارگرانییەکی هەرەگەورە بەسەر بودجەی گشتی عێراقەوە.