به‌شێكی دیکە لە پاره‌ی مووچه‌ی مانگی نیسان گه‌یشت
K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، 443 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی.
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه: نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، 443 ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، "چاوه‌ڕێین به‌غدا مووچه‌ی مانگی چوار و پێنجی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بە زووترین کات ڕه‌وانه بكات".
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە، 6ـی نیسانی 2024، دەستی پێ کرد و پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش کرا.
دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتیش لە ڕۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستی پێ کرد و ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەکە هات.